سبەی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و دواڕۆژ ناوەڕۆکەکەی ئاشکرادەکات
هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2018 :: 1034 جار بینراوە
دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
سبەی چوارشەممە 4ی تەمموزی 2018، هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەولێر كۆدەبنەوە.
رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی کوردستان بە دواڕۆژی وت "كۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لەهەولێر ئەنجامدەدرێت و تیایدا تاوتوێی كۆمەڵێك پرسی گرنگ دەكرێت".
وتیشی "هەردوولامان گفتوگۆ دەکەین لەسەر باردۆخی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق و هەژماركردنەوەی دەنگەكان و چۆنێتی رێكکەوتن و بەشداری كورد لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراق".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، رەتیكردەوە یەكێتی و پارتی بڕیاری پێشوەختیان لەبارەی شێوازی بەشداری لە حكومەتی داهاتوو دابێت و دەڵێت "بۆ ئێمە گرنگە هەموو لایەك بە یەكدەنگ و یەكگرتوویی بڕیاربدەین، ئێمە وەكو یەكێتی لەگەڵ كۆدەنگی حزبەكانداین و دەمانەوێت ناوماڵی كوردی پەرتەوازەیی پێوەدیار نەبێت".