نزیکەی 20 پەرلەمانتاری پێشوو ياداشتى ده‌ستگيركردن و بانگهێشتكردنیان هەیە

هەواڵ / عێراق :: 03/07/2018‌ :: 495‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارى پێشوو چه‌ند یاداشتێكى ده‌ستگیركردن و هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌ دژیان هه‌یه‌ و، هه‌ر كاتێك دادگا كارایان بكاته‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.


سه‌لیم شه‌وقى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ى ته‌مموزى 2018 له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "نزیكه‌ى 15 – 20 یاداشتى ده‌ستگیركردن و بانگهێشتكردن و داواى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌ دژى ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتارى پێشووى خولى كۆتایى هاتوو ده‌ركراوه‌، له‌سه‌ر چه‌ند تۆمه‌تێكى جۆراوجۆر، هه‌ندێكیان تایبه‌ته‌ به‌ دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى و هه‌ندێکى تریان دۆسیەی تاوانیان هەیە".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد "هه‌ندێك له‌و داوایانه‌ په‌یوه‌ستن به‌ داواكارى گشتییه‌وه‌، هه‌ر له‌لایه‌ن داواكارى گشتییه‌وه‌ كاراده‌كرێته‌وه‌، هه‌ندێك سكاڵاش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ یان كه‌سایه‌تییه‌وه‌ تۆماركراون، پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ كارابكرێنه‌وه‌".

شه‌وقى روونیشیكردەوه‌ "پارێزبه‌ندى په‌رله‌مانتاران له‌گه‌ڵ كۆتایىهاتنى ئه‌م خوله‌دا كۆتایى هات، هه‌روه‌ها جوڵاندنى سكاڵا له‌لایه‌ن سكاڵاكارانه‌وه‌ ئاسانتر ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌ى ماوه‌ى رابردووه‌وه‌، چونكه‌ ده‌ستوه‌ردانى هه‌ندێك سه‌رۆكى فراكسیۆن و سه‌ركرده‌ى حزبه‌كان ئه‌و یاداشتى ده‌ستگیركردن و داواكارى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندییەی له‌سه‌ر هه‌ندێك په‌رله‌مانتار له‌كارخستبوو له‌ماوه‌ى خولى په‌رله‌مانى سێیه‌مى رابردوودا".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هه‌ندێك له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ى یاداشتیان له‌دژ ده‌ركراوه‌، یان داواى هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ریان كراوه‌، دۆسیه‌كانیان پێش به‌شداریكردنه‌وه‌یان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا یه‌كلاكردووەته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure