هه‌زاران فه‌رمانبه‌ری وه‌زاره‌تێك له‌كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 04/07/2018‌ :: 317‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاواره‌ حه‌مید
لەوه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا زیاتر له‌ پێنج هه‌زار فه‌رمانبه‌ر مۆڵه‌تی بێ مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌، به‌رپرسێكیش ده‌ڵێت "به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ بۆ سه‌ر ده‌وامی خۆیان چوار هه‌زاریان دوورخراونه‌ته‌وه‌".


 خاڵس قادر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، له‌ دوای دروستبوونی قه‌یرانی دارایی و هاتنى داعش، مووچه‌خۆرێكى زۆر له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى داواى مۆڵه‌تی بێ مووچه‌یان كرد و له‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ چوار ساڵی رابردوودا پێنج هه‌زار و 198 پزیشك و كارمه‌ندی ته‌ندروستی مۆڵه‌تی بێ مووچه‌یان وه‌رگرتووه‌. 

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتیشی "ئه‌وانه‌ی مۆڵه‌تی بێ مووچه‌یان كردووه‌ و دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه‌یان نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر كاره‌كانیان، بۆیه‌ له‌ دوای چه‌ند جارێك ئاگاداركردنه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ هه‌ر نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ده‌وامی ئاسایی خۆیان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی رابردوودا چوار هه‌زار فه‌رمانبه‌ری سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ یه‌كجاری له‌ كاره‌كانیان دوورخراونه‌ته‌وه‌".

خالس قادر، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشخانه‌و بنكه‌ی ته‌ندروستی و هه‌روه‌ها دوورخستنه‌وه‌ی پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی، نوسراوێكیان ئاڕاسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌ تا به‌شێوه‌ی گرێبه‌ست فه‌رمانبه‌ریان بۆ دابمه‌زرێنێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure