کەمبوونەوەی هه‌نارده‌ى نه‌وتى لیبیا نرخى نه‌وتى به‌رزكرده‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 03/07/2018‌ :: 469‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ی تەمموزی 2018 له‌ بازاڕه‌كانى ئه‌وروپادا، نرخى نه‌وت به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ به‌هۆى پرۆسه‌ى راستكردنه‌وه‌ى نرخ و چنینه‌وه‌ى قازانج و كه‌مبوونه‌وه‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى لیبیا، نرخەکەی دابه‌زى.


كاتژمێر 2:30 خولەکى پاشنیوه‌ڕۆ به‌كاتى هه‌ولێر نه‌وتى خاوى برێنت به‌رێژه‌ى 1.06% به‌رزبوه‌وه‌ به‌رمیلێك به‌ 78.11 دۆلار فرۆشرا، نه‌وتى خاوى خۆرئاواى تێكساسیش (WTI) به‌ڕێژه‌ى 1.19% به‌رزبوه‌وه‌ و به‌رمیلێك به‌ 74.82 دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.

دامه‌زراوه‌ى نه‌وتى نیشتمانى لیبیا ئاشكرایكرد، به‌هۆى راگه‌یاندنى حاڵه‌تى نائاسایی له‌ به‌نده‌ره‌كانى زویتینه‌ و حرێگه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى لیبیا، ئاستى هه‌نارده‌ى نه‌وتى لیبیا 850 هه‌زار به‌رمیل كه‌میكردوه‌، زۆربه‌ى كێڵگه‌كانى نه‌وتى لیبیاش داخراوه‌.

هاوكات گروپى "گۆڵدمان ساكس" له‌ راپۆرتێكدا دوێنى دووشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، ئاستى به‌رهه‌مى نه‌وتى سعودیه‌ و عیراق و ئیمارات و كوه‌یت، له‌گه‌ڵ ئاستى به‌رهه‌مى نه‌وتى روسیا و كه‌مبوونه‌وه‌ى ناچارى نه‌وتى لیبیا و فه‌نزویلا و ئێران، بزوێنه‌رى راسته‌قینه‌ى دیاریكردنى نرخه‌كانى نه‌وتن له‌ بازاڕه‌كان جیهاندا. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure