پارێزگاری سلێمانی دەستپێكردنی خوێندنەوەی پێوەری میكانیكی ئاوی راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2018‌ :: 468‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
پارێزگاری سلێمانی دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنەوەی پێوەری ئاوی لە سنوری پارێزگاكە راگەیاند و داواشی لە هاووڵاتیان كرد بەشداری لە سیستمەكەدا بكەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی تەمموزی 2018، هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە سیستمەكە، وتی "ئومێد دەكەین پڕۆژەكە وەك خۆی جێبەجێبكرێت بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانەی لەپێناویدا دروستبووە، لە سلێمانی 260 هەزار كەس بەشداری ئاویان هەیە و نزیكەی 200 هەزار ماڵ پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە".

وتیشی "ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و كۆمپانیاكە لە ئەمڕۆوە دەستبەكار دەكەن و بەم سیستمە تازەیە مامەڵە دەكەن، هاووڵاتیان دەتوانن بەپێی بڕی ئەو ئاوەی بەكاری دەهێنن پارەی ئاو بدەن بە دەوڵەت، دەوڵەتیش داهاتێكی لە بەردەست دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بكات و تۆڕی تازە دروستبكات و سیانەیان بكات و ئاوی پاك دابین بكات و بڕەكەی زیاد بكات، كێشەی كەمئاوی چارەسەر بكرێت".

هەڤاڵ ئەبوبەكر، ئاماژەی بەوەشدا "ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەبێت، بەڵام وەك هەمیشە بۆ یەكەمینجار لە ئەمڕۆوە لە سلێمانی جێبەجێدەكرێت بە ئامانجی رێكخستنی دابەشكردنی ئاو و سیستمی كۆكردنەوەی داهات و پاراستنی سامانی ئاو و نەهێشتنی بەهەدەردانی ئاوە، ئومێد دەكەین بە هاوكاری هاووڵاتیان و بەشداریكردنیان پرۆسەكە جێبەجێبكرێت".

پارێزگاری سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو "لە 50%ی كارمەندەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لەسەر میلاكی حكومەت دەمێننەوە و هەموو موستەحەقاتە داراییەكانیان دەچێتەسەر كۆمپانیاكە، كۆمپانیاكەش بە سیستمێك بە حسابی بەشداربوو پارە وەردەگرێت، تەنها لە هاوبەشێك بۆ ماوەی دوو مانگ سێ‌ هەزار و 200 دینار وەردەگیرێت".

جەختیشی كردەوە "كۆمپانیاكە ئەركە لەسەری بتوانێت لە 90%ی پسوڵەكان لەكاتی خۆی دابەشبكات و خوێندنەوەی رێك و پێك بۆ پێوەرەكە بكات و 75%ی داهات كۆبكاتەوە، ئەگەر نەیتوانی لەو ماوەی دوو مانگەدا ئەو داهاتەی كۆیكردۆتەوە بگاتە رێژەی 75%ی بەشداربوون ئەوا لەو تەئمیناتەی لە بانك دایناوە لێی دەبڕدرێت".

لەلایەكی دیكەوە، سەربەست عوسمان بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سلێمانی، لە كۆنگرەكەدا وتی "پێوەر تەنها لەپێناو كۆكردنەوەی داهاتدا نییە، بەڵكو لەخزمەتی هاووڵاتیدایە، چونكە بەپێی بەكارهێنانی ئاو پارەی لێ وەردەگیرێت".

باسی لەوەشكرد "ئەگەر هاووڵاتیان هەر كێشەیەكیان هەبێت ئەوا دەتوانن پەیوەندیمان پێوەبكەن، تاوەكو لە هەر كێشەیەك ئاگاداربین".

هاوكات شكار ڕەزا، ڕاوێژكاری كۆمپانیای گرنگ هەر لەو كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا، ئەوەی خستەڕوو "ماوەی نزیكەی حەوت مانگە كار لەم پڕۆژەیەدا دەكەین و لەهەفتەی داهاتوەوە لەسەرجەم زۆنەكانی سلێمانیدا تیمەكانمان بڵاودەبنەوە و زانیاری كۆدەكەنەوە، بۆئەوەی لەمانگی نۆ و 10دا ئامادەكاری بكەن بۆ پێدانی پسوڵە بە هاووڵاتیان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure