راوكردن له‌ گه‌رمیان زیادیكردووه‌
163 سه‌رپێچیكار ده‌ستگیركراون

هەواڵ / کوردستان :: 03/07/2018‌ :: 1224‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
پۆلیسى دارستانى گه‌رمیان ئاشكرایده‌كات، به‌ به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو ئه‌مساڵ راوكردن له‌ سنوره‌كه‌ زیادیكردووه‌ و، بڕى ئه‌و غه‌رامه‌یه‌ش ئاشكراده‌كات كه‌ له‌ سه‌رپێچیكاران وه‌رگیراون.


سه‌ركه‌وت ره‌حیم، وته‌بێژى پۆلیسى دارستانى گه‌رمیان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا له‌ سنوری گه‌رمیان به‌هۆى راوكردنه‌وه‌ 163 سه‌رپێچیكار ده‌ستگیركراون كه‌ راوى باڵنده‌ و په‌له‌وه‌ر و ئاژه‌ڵى كێوى و ماسی-یان كردووه‌.
 
وتیشى، "هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا 60 چه‌كى راوكردن و چوار ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسكیل و ده‌یان فیشه‌ك و كه‌ره‌سته‌ى راوكردن ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌ و، هه‌روه‌ها 18 باڵنده‌شیان ئازادكردووه‌". ئه‌وه‌شى وت، راوچییه‌كانیش به‌ بڕى پێنج ملیۆن و 900 هه‌زار دینار غه‌رامه‌ كراون.

سه‌ركه‌وت ره‌حیم باسیشى له‌وه‌كرد، به‌ به‌راورد به‌ شه‌ش مانگى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوو، له‌مساڵدا دیارده‌ى راوكردن زیادیكردووه‌ و هۆكاره‌كه‌شى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى راوچییه‌كان پێیانوایه‌ له‌به‌ر قه‌یرانى دارایى و كێشه‌ و گرفته‌كان پۆلیسى دارستان هه‌ڵمه‌تى گه‌ڕان و پشكنین و چاودێرى ئه‌نجام نادات له‌كاتێكدا به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وام تیمه‌كانیان له‌ گه‌ڕان و پشكنیندان و سه‌رپێچیكاران ده‌ستگیرده‌كه‌ن. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure