وەزیری دارایی بڕیارێكی دەركرد

هەواڵ / ئابوری :: 02/07/2018‌ :: 68841‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا لەكاتی وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی و خاوەن پێداویستی تایبەت كارئاسانیان بۆ بكرێت، بە شێوەیەك پێش دەرگای بانكەكان چادریان بۆ دروست بكرێت بۆ وەرگرتنی پشوو.


پێنج شەممەی رابردوو رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی پارێزگای سلێمانی كرد و لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بانكەكانی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین كۆبووەوەو لە كۆبوونەوەكە باس لە كێشەكانی سنورەكەكراوە.

بە پێی ئەو زانیاریانەی لە راگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم دراوەتە دواڕۆژ، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابووری وتوویەتی "پێویستە بانكەكان ئاسانكاری پێویست بۆ مووچەخۆران بكەن، لە كاتی پێدانی مووچەكانیان و ئەو كێشانەی هەیانە چارەسەربكرێن".

وتیشی "وەزیری دارایی بڕیاریدا لە هەر بانكێك كە خانەنشینی و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچە وەردەگرن، چادر لە دەرگای بانكەكان دروستبكرێت بۆ پاراستنیان لە تیشکی خۆر و باران".

هەروەها لەو بانكانە چەند بەفرگرێك دابنرێن و ئاوی خواردنەوە دابەشبكرێت بەسەر خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت و لە هەر بانكێكیش كە رێگەی خاوەن پێداویستی تایبەت وەك پێویست نییە رێگاكان بۆ دەرگای وەرگرتنی مووچە دەستكاری بكرێت.

سەرجەم خەرجیەكانی ئەم بڕیارە لەسەر وەزارەتی دارایی و ئابووری دەبێت و پێویستە لە ئێستاوە بانكەكان دەست بە جێبەجێكردنی بكەن.

پێشتر لەكاتی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت رووبەڕووی چەندین كێشە دەبوونەوە و تا ئاستی  بورانەوەیان بەهۆی  نۆرەگرتن لەبەردەم تیشكی خۆر.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure