به‌غدا و هه‌رێم و هاوپه‌یمانان رێکدەکەون
لەبارەی گه‌ڕانه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 6064‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
به‌ سه‌رپه‌رشتى هاوپه‌یمانان هه‌ریه‌ك له‌ حكومه‌تى به‌غدا و هه‌رێم رێككه‌وتوون له‌ قۆناغى یه‌كه‌مى هه‌ماهه‌نگى نێوانیان ئۆپراسیۆنى هاوبه‌ش له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ئه‌نجامبده‌ن و دواتریش له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌منى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان رێككه‌وتن بكه‌ن.


ماوه‌ى 15 رۆژه‌ كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌رسێ لایه‌نى هاوپه‌یمانان به‌ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا و، هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ى پرسى ئه‌منى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان چڕبۆته‌وه‌ و، به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ به‌غدا و هه‌رێم له‌سه‌ر پرسى ئه‌نجامدانى چه‌ند ئۆپراسیۆنێكى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان گه‌یشتوونه‌نه‌ته‌ رێككه‌وتن.

داواش له‌ هه‌ردوولا كراوه‌ له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا رێكبكه‌ون له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌منى ناوچه‌ دابڕاوه‌كانى نێوانیان و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌ردوولا نزیكبوونه‌ته‌وه‌ له‌ ئه‌نجامدانى رێككه‌وتنى هاوبه‌ش و، هه‌فته‌ى رابردووش شاندى نێوان هه‌رێم و به‌غدا چه‌ند خاڵێكیان وه‌كو یاداشت بۆ سه‌رووى خۆیان به‌رزكردۆته‌وه‌.

شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، فه‌رمانده‌ى یه‌كه‌ى 70ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كان له‌نێوان هه‌رسێ لایه‌نى هه‌رێم و به‌غدا و هاوپه‌یمانان به‌رده‌وامى هه‌یه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ لێكتێگه‌یشتن هه‌یه‌ و به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌ردوولا به‌بێ مه‌رج رێككه‌وتوون به‌ پاڵپشتى فڕۆكه‌ى هاوپه‌یمانان ئۆپراسیۆن هاوبه‌ش ئه‌نجامبده‌ن، بۆ  كۆتایى هێنان به‌ داعش له‌و ناوچانه‌ى كه‌ جێگاى ناكۆكن و بۆشایى ئه‌منى دروستبووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ نێوان سنوورى هه‌رێم و به‌غدا.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، به‌هۆى زیادبوونى مه‌ترسییه‌كانى داعش بۆ سه‌ر هه‌ندێ ناوچه‌ى هه‌رێم و به‌غدا، هه‌ردوولا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندیی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانان له عێراق و سووریا ده‌ستیانكردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ و، له‌ چوارچێوه‌ى به‌ره‌نگاربوونى شه‌رى داعش به‌پێى پێویستى و خشته‌ى دیاریكراو ده‌ستیانكردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردنى ئۆپراسیۆنى هاوبه‌ش.

دوێنێ-ش واڵتەر پایت، جێگری فەرماندەی هێزی هاوپەیمانان بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سووریا، له‌ میانه‌ى به‌ سه‌ركردنه‌وه‌ى بنكه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ هه‌رێمى كوردستان لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌نووسان رایگه‌یاند "کاردەکەن بۆ ئامادەکردنی هێزی پێشمەرگە بۆ هەر ئەگەرێك و ئەمریکا یارمەتی پێشکەشدەکات تا ئامادەبێت بۆ قۆناغی دوای داعش، چونكه‌ هێشتا مەترسی داعش ماوە، بە تایبەتیش لە ناوچە جێناکۆکەکان".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هاوکاری باش له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ ئه‌نجامدانى ئۆپراسیۆنى هاوبه‌ش له‌ ماوه‌ى داهاتووشدا هه‌ماهه‌نگى زیاتر ئه‌نجامده‌درێت.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، راستە داعش لە رووی سەربازییەوە بەزێندراوە، بەڵام لە راستیدا داعش هێشتا رێکخراوێکی چالاکە بە تایبەتی لە ناوچە جێناکۆکەکان، پێویستە لەو ناوچانە چارەسەرێکی سیاسی هەبێت.

سه‌باره‌ت به‌ به‌ڕێوه‌بردنى هاوبه‌ش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان وتى "هاوپه‌یمانان كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى ئه‌منى به‌شێك له‌ ناوچه‌كان به‌ هاوبه‌شى هێزه‌كانى عێراق به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیه‌ پشتگیرى ده‌كه‌ین له‌هه‌ر جۆره‌ رێككه‌وتنێك".

لاى خۆیه‌وه‌ شاخه‌وان عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى لیژنه‌ى به‌رگرى و ناوخۆ له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "دوای نه‌مانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووری پارێزگای كه‌ركووك، ته‌قینه‌وه‌ و كرده‌وه‌ی تۆقێنه‌ر روویان له‌ زیادبوون كردووه‌ و رۆژانه‌ رووداوی نه‌خوازراوی ئه‌منی رووده‌ده‌ن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژیانی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ كه‌وتۆته‌ مه‌ترسی".

ئاشكراشیكرد، ئه‌مریكا و بریتانیا پشتگیرى له‌ رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غدا ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستى به‌ڕێوه‌بردنى ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌ هاوبه‌شى هه‌ردوولا و، تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆكان پێشكه‌وتنى باشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە