سەرهەڵدانەوەی داعش...ئایا عەبادی مێژوو دووبارە دەكاتەوە؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 02/07/2018‌ :: 668‌ جار بینراوە

ئومێد مەحمود
 لە10ی حوزەیرانی ساڵی 2014، تاقمی تیرۆرستی داعش تەنیا بە300 بۆ350 چەكدار لە ماوەی چەند رۆژێكی زۆر كەمدا موسڵ-ی داگیركرد، لەكاتێكدا هەزاران چەكدار لە هێزەكانی سوپا و ئەمن و دژە تیرۆری عێراق پاراستنی ئەو شارەیان لە ئەستۆ گرتبوو، ئەمەش هەموو عێراق و جیهانی شۆك كرد.  


بەپێی راپۆرتی لیژنەی بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە حاكم زاملی سەرپەرشتیی دەكرد، دوای چوونی سوپای عێراق بۆ لای چەپی شارەكە، لە بەغداوە فەرمانیان بۆ چووە كە بكشێنەوە.

هۆكارەكانی داگیركردنی شاری موسڵ لە ساڵی2014، بەپێی زۆرێك لە راپۆرتی لیژنەكانی لێكۆڵینەوە و راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان و رای چاودێران، ناكۆكی و ململانێی سیاسی لایەنە دەسەڵاتدارەكانی نێو موسڵ و حكومەتی بەغدا بوو كە ئەوكات نوری مالكی سەرۆكایەتی دەكرد لەلایەك و لە لایەكی دیكەشەوە پیلانەكانی وڵاتانی ئیقلیمی، بە تایبەتی توركیا، بوو.

پێش داگیركردنی موسڵ سەدان جار، بە ئاشكرا لە رێگای رۆژنامەكان و میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندنەوە، بەتایبەت لە هەردوو هەفتەنامەی(هەواڵ) و (النبأ) كە لە شاری كەركوك دەردەچن، حكومەت و هێزە ئەمنی و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی بەهێزبوون و فراوانبوونی تیرۆرستانی داعش لە سنووری كەركوك و حەوزی حەمرین و سنووری پارێزگای نەینەوا ئاگاداركرانەوە و هۆشدارییان دا لە پەیوەندیی نێوان بەشێكی زۆری هێزە ئەمنییەكان لەگەڵ داعش و فراوانبوونی دەسەڵاتی دەزگای هەواڵگریی میت لە بەهێزكردنی تاقمە تیرۆرستییەكان بەتایبەت داعش، بەڵام حكومەتەكەی مالكی و هێزە ئەمنییەكان بە مەبەست و ئامانج و ئەجێندای سیاسی و حزبی و تائیفیی تایبەت، گوێی خۆیان لێ‌ كەڕ كرد و چاویان لێ‌ نووقاند.

هۆكاری سەرەكی خۆكەڕكردن و چاونووقاندنی مالكی و دەسەڵاتدارانی دیكەی حكومەتی بەغدا  لە ئاست ئەو كارەسات و نەهامەتییانەی كە بەهۆی تاوانەكانی داعش بەسەر دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا دەهاتن، ترس و نیگەرانی بوو، یەكەم لە كورد و دووەمیش لە هێز و لایەنە سوننییەكان، كە مالكی پێیوابوو بە هێزەكەی داعش بە بەردێك چەند چۆلەكەیەك دەكوژێت، یەكەم كورد لە ناوچەكە دەردەپەڕێنێت و حزبە سوننییەكانیش بە تایبەتی (ئال نوجەیفی) لاواز دەكات، دواتر بەهێزێكی گەورە و لەماوەیەكی كەمدا، دەگەڕێتەوە و وەك پاڵەوانی سەردەم خۆی نمایش دەكات.

لەم بۆچوون و بیركردنەوە هەڵەیەی مالكی، دەزگای هەواڵگریی عێراق بە تایبەتی هەندێ‌ لەو سوننە بەدەسەڵاتانەی نێو هەواڵگریی بە تایبەتییش توركمانەكان، فاكتەری یارمەتیدەر بوون، كە بە راپۆرتی چەواشەكاریی زیاتر (مالكی)یان نوقمی نێو خەیاڵەكانی كرد.

دوای داگیركردنی موسڵ و تكریت و ئەنبار و بەشێك لە سنووری خوارووی كەركوك، ئەو هەموو ماڵوێرانی و نەهامەتی و كارەساتانەی كە بەهۆی داگیركاریی داعش لە خەڵكی ئەو ناوچانە كەوت، دواجار بە هاوكاری و پشتیوانییەكی زۆری هێزی ئەمریكا و هاوپەیمانان و قوربانییەكانی پێشمەرگە ئەو شارانە لە چنگی داعش دەرهێنران، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەت وەك ئەوەی خۆی بە تەنیا وەك رۆستەمی زاڵ ئەو سەركەوتنەی بەدەستهێنابێت، تووشی غروری سیاسی و سەربازیی بوو، بە رادەیەك ناوهێنانی ئەو هێزانە لە وتارێكی ستایشدا، بە رەوای نەدەبینی!

لە ئێستاشدا بە پێی هەندێ‌ زانیاریی هەواڵگریی و رۆژنامەوانیی داعش لە نێو سەنتەر و سنووری موسڵ و تكریت و ئەنبار و هەروەها حەوزی حەمرین و خوارووی كەركوك بە تایبەتی لە سنووری داقوق و خورماتوو، بە شێوەیەكی بەرچاو، سەریهەڵداوەتەوە و رۆژ لەدوای رۆژ لە بەهێزبوون و فراوانبووندان و هەڕەشە و مەترسییەكانی لە زیادبووندان.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سنووری تكریت و ئەنبار (هێزیكی زۆر گەورەی داعش، بە ژمارە و بە چەكی پێشكەوتووی وەك هاوەن و دۆشكا، هاتوونەتە نزیك ناوچەی زەرگەی سنووری خوارووی خوروماتوو، هەروەها هێزێكی دیكەیش لە نزیك سەرسار، كە رۆژانە پەلاماری هاووڵاتیان و هێزە عێراقییەكان دەدەن، كە سەرۆكایەتییەكان و لایەنە پەیوەندیدارە حكومی عێراقییەكان لە بارەی ئەو هێزانەی داعش بە زانیاریی زۆر ورد ئاگادار كراونەتەوە، بەڵام ئەو لایەنانە تا ئێستا هیچ كاردانەوەیەكی جددییان نەبووە).

هەر بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، داعش دادگایەكی سەربازیی لە نێوان خورماتوو-كفری كە تەواوی ئەو ناوچەیە لەژێر كۆنترۆڵی هێزە عێراقییەكانە، دامەزراندووە، سەرجەم ئەو هاووڵاتیانەیش كە لە سنووری حەمرین و سەلاحەدین دەڕفێنرێن بۆ ئەو دادگایە دەگوازرێنەوە و لەلایەن بەناو دادوەرێكەوە، سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت.

هەر بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان، داعش مۆڵگەیەكی دیكەی گەورەی لە ناوچەی (خاوێ كەوە) كە 4 كیلۆمەتر لەخورماتووەوە دوورە، كردووەتەوە. هەروەها لە ناوچەی شۆراو و گوندی پەڵكانەی سەییدەكان بە هەمان شێوە مۆڵگەی گەورەی هەیە، گوندی پەڵكانەی سەییدەكانش لە بازگەی سلێمان بەگەوە تەنیا 7 كیلۆمەتر دوورە، سەرجەم ئەو ناوچانەش لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی هێزەكانی حكومەتی عێراقیدان.

بۆ هاتوچۆ و جموجۆڵەكانیشی بۆ ناوچەی حەوزی حەمرین، داعش رێگەی غەرە بەكاردەهێنێت، كە بەهەمان شێوە بەناو هێزە عێراقییەكاندا تێدەپەڕێت. دواتریش لە نێوان زەمبورـخورماتوو بە سنووری (یەخجەمە شەت) تێپەردەبن، كاتێكش لە باشوری كەركوك-ەوە دەگەڕێنەوە دیسانەوە بەناو هێزە عێراقیەكاندا دەگەڕێنەوە. لە نزیك شۆراو-یش بەرەو حەفتەغار دەپەڕنەوە تاوەكو بەرەو حەویجە و خوارتر بچن.

بەم شێوەیە روون دەبێتەوە كە داعش بۆ جموجۆڵەكانی رێگا سەرەكییەكان بەكاردەهێنێت لە نێوان ناوچەكان، ئەو رێگایانەیش لە ژێر كۆنترۆڵی هێزە عێراقییەكاندان.

بەپێی هەندێ‌ سەرچاوەش لە سنوورەكە، ژمارەیەكی زۆری ئەو هێزانەی داعش، لە تیرۆرستە هەڵاتووەكانی تەلەعفەر كە زۆربەیان توركمانن، هەروەها تیرۆستە شكستخواردوو و هەڵاتوەكانی ناوچەكانی (سوریا) پێكهاتوون، بەتایبەت ئەو تیرۆستانەی لە سنوورەكانی رەققە و درعا و باب و ناوچەكانی دیكەوە هەڵاتوون و ناوچەكانیان لەلایەن شەڕڤانانی هەسەدە و هێزەكانی حكومەتی سوریاوە ئازاد و كۆنترۆڵكراونەتەوە.

بە دووریش نازانرێت، هەموو ئەو تیرۆرستانە بەهاوكاری و پشتیوانی (میت)دەزگای هەواڵگریی توركیا هاتبێتنە ناوچەكە، بۆ جێبەجێكردنی پیلان و ئەجینداكانی ئاك پارتی، بۆ فشارخستنە سەر حكومەتی عێراق و كورد، وەك چۆن تیرۆرستانی بەرەی نوسڕەی گواستوەتەوە بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بۆ شەڕی پەكەكە.

ئەوەی جێی سەرنجیشە، هەڵوێستی هەندێ‌ لایەنی عەرەبی و  بەرەی توركمانییە، لە بەرامبەر تاوانەكانی داعش لە سنووری داقوق و خورماتوو كە زۆر بە توندی هەوڵی چەواشەكاریی دەدەن و تاوانەكان لە ئەستۆی داعش دووردەخەنەوە و وای پیشان دەدەن كە ئەوە داعش نیە لە ناوچەكە، بەڵكو ناڕاستەوخۆ كورد تۆمەتبار دەكەن و بە سیناریۆی كوردی لە قەڵەم دەدەن. هاوكات زۆر بە توندی دژایەتی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچەكە دەكەن. لەبەرئەوە، ئەم هەڵوێستانەی بەرەی توركمانی و ئەو لایەنە عەرەبیانە، گومانی زۆریان لێدەكرێت، بۆیە پێویستە دەزگای هەواڵگری و لایەنە ئەمنییەكان هەڵوێستی ئەو لایەنانە زۆر بە هەند و جدیی وەربگرن و لێكۆڵینەوە لەو بارەیەوە بكەن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure