دواڕۆژ میكانیزمه‌كه‌ى بڵاوده‌كاته‌وه‌
سبه‌ى ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌ستپێده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 02/07/2018‌ :: 776‌ جار بینراوە
"زۆترین سكاڵا له‌سه‌ر سندوقه‌كانى كه‌ركوك و موسڵه‌" فۆتۆ: حه‌مه‌سور

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ سبه‌ى سێشه‌ممه‌ كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان ده‌ستپێبكات و هه‌ر ئه‌مڕۆش له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێم له‌لایه‌ن كۆمسیۆنەوە ژووى عه‌مه‌لیات پێكده‌هێنرێت.


سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هەڵبژاردنەكانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ى ته‌مموزى 2018 به‌ دواڕۆژى راگەیاند، سبه‌ى دەستدەكرێت بە ژماردنەوەی دەنگەكان، له‌ یه‌كه‌م رۆژدا جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان له‌ پارێزگاى كەركوك دەبێت، دواتر له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم له‌ شاره‌كانى هەولێر و سلێمانی و دهۆك به‌رده‌وام ده‌بێت و پاشان له‌ پارێزگاى ئەنبار و سەڵاحەدین ده‌ستده‌كرێت به‌ جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، "ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانى هه‌رێم ژوورى عه‌مه‌لیات پێكده‌هێنرێت و كارى ژووره‌كه‌ش هه‌ماهه‌نگى ده‌بێت له‌گه‌ڵ ژوورى عه‌ملیاتى گشتى له‌ به‌غدا".

له‌ دواى بڕیارێكى په‌رله‌مانى عێراق له‌ 10ى حوزه‌یران، ئەنجومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند، 27 دادوەر بۆ سەرپەرشتیکردنی ژماردنەوەی دەنگەکان بە دەست دیاریکراون کە 18یان بۆ پارێزگاکانن. 

24ى حوزه‌یرانی رابردوو ئەنجومەنی کۆمسیاران (كە لە 9 دادوەرى راسپێردراو پێكهاتووە) بڕیاریدا بە ژماردنەوەی دەنگی تەنها ئەو ناوەندانەی كە سكاڵایان له‌سه‌ره‌، چ لە ناوخۆ بێت یاخود لە دەرەوە، ئەوەش بە پشتبەستن بەبڕیاری دادگای فیدڕاڵی.

سه‌رچاوه‌كه‌ى كۆمسیۆن ئاشكراشیكرد، جیاكردنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م ده‌نگه‌كان له‌ پارێزگاى به‌غدا ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌و سندوقانه‌ى سكاڵایان له‌سه‌ره‌ ئه‌ژمارده‌كرێته‌وه‌، له‌ رێگه‌ى كۆپته‌رى سه‌ربازییه‌وه‌ ره‌وانه‌ى به‌غدا كراوه‌و دواى ئه‌وه‌ى ئه‌ژمارده‌كرێته‌وه‌ ته‌نها ئه‌نجامه‌كان له‌ڕێگه‌ى داتابه‌یسه‌وه‌ ره‌وانه‌ى ئۆفیسى پارێزگاكانى هه‌رێم ده‌كرێت.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ئه‌و سندوقانه‌ى سكاڵایان له‌سه‌ره‌ له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم زۆرنین به‌ تایبه‌ت له‌ پارێزگاكانى هه‌ولێر و دهۆك له‌ 80 سندوق تێپه‌ڕناكات، به‌ڵام زۆترین سكاڵا له‌سه‌ر سندوقه‌كانى كه‌ركوك و موسڵه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، كۆمسیۆن ئه‌ژماركردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان هه‌مووى به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌نجامنادات.

وتیشى "نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان و باڵیۆزخانە و چاودێرانی بیانی و نێودەوڵەتی ئامادەی پڕۆسەكە دەبن".

شه‌ممه‌ى رابردوو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، رۆژی 3ی تەمموز دەستدەكرێت بە ژماردنەوەی دەنگەكان بەدەست و ئاماژە بەوەشكراوە، كەركوك یەكەم شوێن دەبێت پڕۆسەكەى تێیدا بەڕێوەدەچێت و دواتر هەولێر و سلێمانی و دهۆك و ئەنبار و سەڵاحەدینیش دەگرێتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure