وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان داهاتى مانگێكى نه‌وتى ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى كرد

هەواڵ / ئابوری :: 02/07/2018‌ :: 6067‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان  بڕى 400 ملیۆن دۆلارى له‌ داهاتى نه‌وتی ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌، به‌مه‌به‌ستى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم و به‌پێى ئه‌و داتا و ئامارانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون، ئاستى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت  له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ مانگى ڕابردوو (حوزەیران)دا نزیكه‌ى 344 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت بووه‌ له‌ ڕۆژێكدا. 


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، كه‌ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ كه‌رتى نه‌وت و وزه‌ى هه‌رێم ده‌ستیكه‌وتووه‌، ئاستى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت و هه‌نارده‌كردنى له‌ 8 كێڵگه‌ى سه‌ره‌كى  نه‌وتی هه‌رێم له‌ 1ى حوزه‌یران تا 30ى حوزه‌یران بریتیبووه‌ له‌، 344 هه‌زار و 133 به‌رمیلى رۆژانه‌. پێشبینیش ده‌كرێت، له‌ چوار مانگى داهاتوودا هه‌رێم ڕۆژانه‌ زیاتر له‌ 370  بۆ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت  هه‌نارده‌بكات به‌هۆى ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستى نوێ و هه‌ڵكه‌ندنى بیرى نوێ.

به‌ وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌ى دواڕۆژ، مانگى ڕابردوو یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ 61 دۆلار 33 سه‌نت فرۆشراوه‌، له‌كاتێكدا  نرخى یه‌ك به‌رمیل نه‌وتى برێنت له‌مانگى حوزه‌یران له‌ جیهان له‌ نێوان 74 بۆ 76 دۆلارى ئه‌مه‌ریكى بووه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، ڕۆژى 28ى حوزه‌یران، وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان دواى ده‌رهێنانى شایشته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان و قه‌رزه‌كان، به‌ نزیكه‌یى بڕى 400 ملیۆن دۆلارى له‌ داهاتى نه‌وت ڕاده‌ستى وه‌زاره‌تى دارایى حكومه‌تى هه‌رێم كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستى دابه‌شكردنى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم.

به‌پێى هه‌مان سه‌رچاوه‌، ئه‌و نه‌وته‌ى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌م مانگه‌دا هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ كراوه‌، له‌ لایه‌ن كڕیارانى نه‌وتى هه‌رێم  فڕۆشراوه‌ته‌ هه‌ریه‌ك له‌ وڵاته‌كانى (كڕواتیا، قبرس، یۆنان، ئیتاڵیا، پۆڵه‌ندا، ئیسپانیا، ئیسرائیل، ڕۆمانیا و مۆڵداڤیا).

به‌ر له‌ ڕووداوه‌كانى 16ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2017، ئاستى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت كێڵگه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و  كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕاوه‌كان، له‌ لایه‌ن وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ڕۆژانە زیاتر 560 هەزار بەرمیل بووه‌ له‌ ڕۆژێكدا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure