رای یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان

هەواڵ / کوردستان :: 02/07/2018‌ :: 776‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وته‌بێژی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی  له‌ عێراق روونه‌دات هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌و كاته‌ی بۆی دیاریكراوه‌ ئه‌نجامده‌درێت و به‌رپرسێكی پارتیش ده‌ڵێت "پارتی هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن نییه‌ و ده‌ستمان به‌ ئاماده‌كاری كردووه‌". 

سه‌عدی پیره‌ وته‌بێژ و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، 30ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵی دیاریکردوه‌، ئەگه‌ر هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ عێراق روونه‌دات هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجامده‌درێت. 

وتیشی "ئەگه‌ر كێشه‌ی سیاسی و پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ عێراق رووبدات، ئه‌وكاته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان دوا ده‌كه‌وێت".

لای خۆشیه‌وه‌ خه‌سرۆ گۆران، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی حزبه‌كه‌ی ده‌ستی كردووه‌ به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان. 

به‌رپرسی دەزگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پارتی رای وابوو له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێ هۆكاره‌وه‌ نه‌توانرا له‌وكاته‌دا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، ئه‌وكاته‌شی كه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كۆمسیۆن له‌ 30ی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ دیاریان كردووه‌ پارتی هیچ كێشه‌یه‌كی نییه‌ و به‌هیواین هه‌ڵبژاردنێكی سه‌ركه‌تووانه‌بێت. 

وتیشی "وه‌ك ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی ئاماده‌كارییه‌كانین بۆ دیاریكردنی ناوی كاندیدانی لیستی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان".

له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانیشه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، ئه‌وكاته‌ی ماوه‌ زه‌حمه‌ته‌ بتوانرێ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجامبدرێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێمیش ئه‌نجامبدرێت. 

له‌به‌رامبه‌ردا خه‌سرۆ گۆران پێی وایه‌ هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكانی هه‌رێم پێویستی به‌ بڕیاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و توانای كۆمسیۆن هه‌یه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure