تورکیا قوتابخانەی ئەڵمانی لە ئیزمیر دادەخەن

هەواڵ / جیهان :: 02/07/2018‌ :: 344‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژی شەممەی رابردوو باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە قوتابخانەیەکی ئەڵمانی لە شاری ئیزمیری خۆرئاوای تورکیا بەفەرمانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا داخراوە.

لەوبارەیەوە باڵیۆزخانەکە لە بەیاننامەیەکی نوسراودا رایگەیاندوە "بانگهێشتی حکومەتی تورکیا دەکەین بەپەلە هۆکاری داخستنی خوێندنگەکە رونبکاتەوە، چونکە قوتابخانە ئەڵمانیەکان لە تورکیا بەردەوادەبن لەوەی ئامرازێک بن بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتوری و پەروەردەیی لەنێوان هەردوو وڵاتدا".

دێرک فیلیپی، سەرپەرشتیاری قوتابخانە ئەڵمانیەکە بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی (DPA) راگەیاندووە رۆژی پێنچشەممەی رابردوو کۆمەڵێک بەرپرسی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ پۆلیس هاتونەتە سەریان و نوسراوێک و ئاگادارکردنەوەیەکی زارەکیان داونەتێ کە دەبێت قوتابخانەکە دابخرێت و بەبیانووی نەبوونی بنەمای یاسایی بڕیارەکە دراوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا دووپاتیکردەوە کە قوتابخانەکە داخراوەو داوای رونکردنەوەیان لە تورکیا کردوە سەبارەت بە بڕیارەکە. 

قوتابخانە ئەڵمانیەکە لە ئیزمیر ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە وەک لقێک لە قوتابخانەی تایبەتی سەر بە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنقەرە.

وەرگێڕانی: کامەران ئەحمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure