"نه‌وتى عێراق و سعودیه‌ ده‌بنه‌ جێگره‌ى نه‌وتى ئیران بۆ هیندستان"

هەواڵ / ئابوری :: 02/07/2018‌ :: 191‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئاژانسى (پلاتس)ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ زانیارى ده‌رباره‌ى نه‌وت ئاشكراى ده‌كات، وڵاتانى هه‌نارده‌كارانى نه‌وتى ئۆپێك و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكان، دیدگاى نوێیان هه‌یه‌ بۆ گۆڕانكارییه‌كانى بازاڕى نه‌وت و نه‌وتى سعودیه‌ و عێراقیش به‌ جێگره‌وه‌یه‌كى باش ده‌زانن له‌برى نه‌وتى ئێران بۆ بازاڕه‌كانى هیندستان.


له‌ راپۆرتێكدا ئاژانسى پلاتس كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1ى ته‌مموز بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت "به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وت بۆ زیادكردنى به‌رهه‌مهێنان روبه‌ڕووى ئاسته‌نگ ده‌بنه‌وه‌".

 

له‌وچوارچێوه‌یه‌دا ئه‌لیكسه‌نده‌ر نۆڤاك وه‌زیرى وزه‌ى روسیا جه‌ختیكرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر هه‌موانیش رازیبن ناتوانین كه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل به‌رهه‌مهێنان زیاد بكه‌ین، روسیا ته‌نیا ده‌توانێت ئه‌گه‌ر پێویست بوو رۆژانه‌ 200 هه‌زار به‌رمیل زیاد بكات".

ده‌رباره‌ى دۆسێى ئیران راپۆرته‌كه‌ى پلاتس ده‌ڵێت "حكومه‌تى هیندستان داواى له‌ پاڵاوگه‌كانى نه‌وتى وڵاته‌كه‌ى كردوه‌ كه‌ راپۆرتێك ئاماده‌بكه‌ن له‌سه‌ر جێگره‌وه‌ى نه‌وتى ئێران، ئه‌گه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا سزاكانى سه‌پاند به‌سه‌ر تاراندا كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگى تشرینى دووه‌مه‌وه‌ به‌توندی جێبه‌جێ بكرێت".

راپۆرته‌كه‌ى پلاتس له‌زارى به‌رپرسێك كه‌ له‌پاڵاوگه‌كانى هیندستان كارده‌كات ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كردوه‌ كه‌ باشترین جێگره‌وه‌ بۆ نه‌وتى ئێران، نه‌وتی عه‌ربستانى سعودیه‌ و عێراقه‌، ئه‌وه‌ش به‌هۆى نزیكى ئه‌و دوو وڵاته‌، به‌ڵام فاكته‌رى نرخ بۆ ئه‌نجامدانى گرێبه‌ستى كڕینى نه‌وت زۆر گرنگه‌، ناشبێت وه‌ك ركابه‌رێك رۆڵى نه‌وتى خاوى ئه‌مریكا له‌به‌رچاو بگیرێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure