شۆفێرى ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كانى مه‌رزى شۆشمێ گردبوونه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/07/2018‌ :: 277‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌هۆى دروستكردنى گرفت له‌ گواستنه‌وه‌ى خۆڵى ئاسن و رێگه‌نه‌دان به‌ كاركردنیان له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك شۆفێرى دیكه‌ى ناو مه‌رزه‌كه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ شۆفێرانى ئۆتۆمبێله‌ بارهه‌ڵگره‌كانى مه‌رزى شۆشمێ له‌ به‌رده‌م بیناى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ گردبوونه‌وه‌ى ناڕه‌زایه‌تیان ئه‌نجامدا.


ئاوات محه‌مه‌د، یه‌كێك له‌ به‌شدارانى گردبونه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1ى ته‌مموزى 2018 به‌ دواڕۆژى وت، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنه‌وه‌ پێدانى هێڵى كاركردن له‌ مه‌رزه‌كان راگیراوه‌ ئێمه‌ش گرفتمان بۆ دروستبووه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌و شۆفێرانه‌ى هێڵى وه‌زاره‌تى گواستنه‌وه‌یان هه‌یه‌ رێگه‌ به‌ ئێمه‌ نادرێت له‌ مه‌رزه‌كه‌ كاربكه‌ین.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئێستاش له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنه‌وه‌ رێنمایی هاتووه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌مان بۆ بكرێت و ساڵانه‌ باج و رسوماتمان لێوه‌رگیرێت و مۆڵه‌ت ده‌رهێنانیشمان ته‌نها بۆ خۆڵ باركردن بێت، هاوكات كارتی كاركردن بۆ ئێمه‌ ته‌نها بۆ خۆڵ ده‌بێت و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تیشه‌وه‌ هه‌ر رێنماییه‌ك هه‌بێت ئێمه‌ پابه‌ندده‌بین.

لاى خۆیه‌وه‌، خه‌لیل بارام، به‌ڕێوه‌به‌ری گواستنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ دواڕۆژی رونكرده‌وه‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شۆفێرانی مه‌رزه‌كه‌ و سه‌ندیكای شۆفێران لیستێكی 127 ناویمان بۆ هاتوه‌ بۆ كاركردن له‌ مه‌رزه‌كه‌، ناوه‌كان لای ئێمه‌ به‌ فلته‌ری رێنمایه‌كانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندندا ده‌چن و ئه‌وانه‌ی فه‌رمانبه‌ر بن هێڵى گواستنه‌وه‌یان پێنادرێت.
 
ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌م كێشه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوی كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی دیكه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت كۆبینه‌وه‌ له‌سه‌ری و به‌پێی رێنماییه‌كان چاره‌سه‌ری گونجاوی بۆ بدۆزینه‌وه‌، بۆیه‌ هیچ كه‌سیش به‌بێ كارتی كاركردن نابێت كاربكات، مامه‌ڵه‌ی ئێمه‌ش ته‌نها به‌یاسا و رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت ده‌بێت.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure