وه‌زاره‌تی رۆشنبیری له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به‌سه‌ماكردن بڕیاريدا

هەواڵ / کوردستان :: 01/07/2018‌ :: 659‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هیچ جۆرێك رێگه‌ناده‌ن كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به‌ سه‌ماكردن له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ كه‌ دووربێت له‌ كلتوری كورده‌واری.

 
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بانگه‌شه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به‌ سه‌ماكردن له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێت.
 
محه‌مه‌د گه‌ردی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 1ی ته‌مووزی 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند، ئه‌و كه‌ناڵه‌ پێشتر مۆڵه‌تی له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی خاوه‌نه‌كه‌ی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ دایخستووه‌ كه‌ پێشتر به‌رنامه‌كانی تایبه‌ت بووه‌ به‌ بواری كۆمه‌ڵایه‌تی. 

وتیشی، خاوه‌نی كه‌ناڵه‌ سێ ساڵه‌ مۆڵه‌تی كه‌ناڵه‌كه‌ی تازه‌ نه‌كردۆته‌وه‌ و ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا داویه‌تی به‌ كه‌سێكی تر.

محه‌مه‌د گه‌ردی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "خاوه‌نی نوێى كه‌ناڵی هانا ئه‌مڕۆ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری كرد و داوای گۆڕینی ناوه‌رۆكی كه‌ناڵه‌كه‌ی له‌ كه‌ناڵێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ بۆ كه‌ناڵێكی تایبه‌ت به‌ دانس و سه‌ما كرد، به‌ڵام دوای لێكۆڵینه‌وه‌ بڕیاردرا رێگه‌نه‌درێت به‌ كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵی هانا چونكه‌ له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی كورده‌واری ناگونجێت و رێگه‌ش به‌ كه‌س نادرێت كه‌ناڵێكی له‌وجۆره‌ بكاته‌وه‌". 

ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر كه‌ناڵێك تایبه‌ت بێت به‌ شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی و له‌گه‌ڵ كلتوری كورد بگونجێت رێگه‌ی پێده‌درێت ده‌ست به‌ په‌خشی به‌رنامه‌كانی بكات به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ رێگه‌ به‌ كه‌س نادرێت. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure