مێركل لەگەڵ 14 وڵات رێككەوتن دەكات بۆ ناردنەوەی پەنابەرانی وڵاتەكەی

هەواڵ / جیهان :: 01/07/2018‌ :: 460‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بەمەبەستی ناردن و وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی بەشێوەیەكی نایاسایی چوونەتە ئەڵمانیا یان لەوڵاتێكی دیكە پەنجەمۆریان هەیە، 14 وڵاتی ئەوروپا لەگەڵ بەرلین رێككەوتن.

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویكردوەتەوە، بەپێی بەڵێننامەیەك كە ئەنگێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا بۆ هاوبەشەكانی رەوانەكردووە، 14 وڵات رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی پێش ئەڵمانیا خۆیان ناونووس كردووە و پەنجەمۆریان لێ وەرگیراوە.

بەپێی رێككەوتنی دبلنی تایبەت بە یەكێتی ئەوروپا، دەبێت كۆچبەر داوای مافی پەنابەری پێشكەشی ئەو وڵاتە ئەوروپییە بكات كە یەكەمجار كۆچی بۆ كردووە.

لەمیانی كۆبوونەوە لوتكەكەی هەفتەی رابردووی یەكێتی ئەوروپا كە لە برۆكسل بەڕێوەچوو، سەرانی رێكخراوەكە رێككەوتن كە خۆویستانە بەشێك لە پەنابەرەكان وەربگرن و ناوەندی تایبەتیش بۆ بەدواداچوونی دۆسێكانیان بكەنەوە.

بەپێی بەڵێننامەكە ئەڵمانیا رێككەوتنی دوو قۆڵی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا دەكات بۆ گەڕاندنەوەی پەنابەران، بەوەش بەشێك لەو فشارە زۆرە لەسەر حكومەتەكەی مێركڵ كەمدەبێتەوە كە بەهۆی وەرگرتنی بێشوماری كۆچبەر و پەنابەرانەوە رووبەڕوو ببۆوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure