‎ سەرۆک کۆمار داوا له‌كوتله‌ سیاسییه‌كان ده‌كات ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان قبوڵ بكه‌ن

هەواڵ / عێراق :: 30/06/2018‌ :: 705‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئەمڕۆ شەممە 30ى حوزه‌یران، فوئاد مەعسوم سه‌رۆك كۆمارێ عێراق بە بۆنەی کۆتاییهاتنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە سوپاسی کار و چالاکییەکانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردووە. 

سه‌رۆك كۆمار داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکات ئەنجامی بەدەست جیاکردنەوەی دەنگەکان پەسەند بکەن کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە.

ئەمەش دەقەکەیەتی: 
‎بەناوی پەروەرداری بەخشندە و میهرەبانەوە،
‎ئەی گەلی عێراقی بەڕێز،
‎سڵاوی خوداتان لێ بێت، ‎
‎بە بۆنەی کۆتایی هاتنی خولی سێیەمی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە لەمڕۆوە شەممە ٢٠١٨/٦/٣٠، سەرۆکایەتیی کۆمار گەرمترین سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستەی سەرۆکایەتیی دەردەبڕێت، لە پای هەموو هەوڵ و کۆششە بەرچاوەکانیان و ئەو خزمەتانەی کە پێشکەشیان کردوە لە پێناوی خزمەتکردنی گەل و نیشتمانەکەیان لە ماوەی چوار ساڵی رابردودا. 

سەرۆکایەتیی کۆمار کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هان دەدات ئەوپەڕی هەوڵی بخاتەگەڕ بۆ تەواوکردنی رێوشوێنە قانونییەکانی بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، داواش لە هێزە سیاسییەکان و هاوڵاتییان دەکات بەو پەڕی وریایەوە مامەڵە بکەن بە پلەی بەرزەو پابەندی هەستکردن بە لێپرسراوێتیی بن بۆ بەدورگرتنی وڵات لەهەر کێشە یان قەیرانێک لەم ماوەیەدا تا ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان رادەگەیەنرێت و دادگای فیدراڵیی پەسەندی دەکات بۆ خۆشکردنی زەمینەی دەستبەجێ دەست بەکاربونی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران و بەکارهێنانی دەسەڵات و ئەرکە دەستورییەکانی.

سەرۆکایەتیی کۆمار داوا لە کوتلە سیاسییەکان دەکات ئەنجامی بەدەست جیاکردنەوەی دەنگەکان پەسەند بکەن، کە دادگای فیدراڵی بڕیاری لەسەر داوە، پێویستیی پابەندبونی هەموو کوتلە سیاسییەکانیش دووپاتدەکاتەوە بە وادە دەستورییەکانی تایبەت بە دانیشتنی یەکەمی پەرلەمانیی بۆ زامنکردنی ئەرکی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دواتر راسپاردنی کاندیدای گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەت لەو ماوەیەی کە دەستور بڕیاری لەبارەوە داوە.

‎لە کاتێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار پشتیوانیی بڕیارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ئەنجومەنی کۆمیساران و دادوەران و رێکارەکانیان دەکات بۆ راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان، داواش لە کوتلە سەرەکییەکانیش دەکات بۆ کۆبونەوەیەک لە رۆژانی داهاتودا بە مەبەستی تاوتوێکردنی داواکاریی و ئەرکەکانی قۆناغی داهاتو و، گفتوگۆ کردن لەسەر رێوشوێنەکانی گەشە پێدانی ئیدارەی دەوڵەت و دامەزراوەکانی و رێزگرتنی ئیرادەی گەل لە پاراستنی بنەما و پایەکانی سیستمی دیموکراسیی فیدراڵیی.
‎بە خوداتان دەسپێرم

‎فوئاد مەعسوم ‎
سەرۆک کۆمار"



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure