به‌هۆى گومان له‌ نه‌خۆشی مێردمنداڵێك دوو رۆژە نه‌خۆشخانه‌یەکى هەرێم داخراوە

هەواڵ / کوردستان :: 30/06/2018‌ :: 68045‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 
به‌هۆی سه‌ردانیكردنی مێردمنداڵێك كه‌ گومان ده‌كرێت هه‌ڵگڕی ڤایرۆسێكی گوازراوه‌ بێت، ماوه‌ى دوو رۆژه‌ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی ئاشتی له‌ سۆران به‌ ڕووی هاوڵاتیان داخراو له‌ ئێستادا سه‌رجه‌م پزیشك و كارمه‌نده‌كان چوونه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌و نه‌خۆشخانه‌كه‌ش تا كاتێكی نادیار پێشوازی له‌ هیچ نه‌خۆشێك ناكات. 


سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ كه‌ له‌به‌ر هه‌ستیاریى دۆسیه‌كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ ئاژانسى وت "ڕۆژی هەینی مێردمنداڵێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵ سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی كرد به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر، دوای ئه‌نجامدانی پشكنین، گومانكرا كه‌ ئه‌و مێردمنداڵه‌ هه‌ڵگری جۆره‌ ڤایرۆسێك بێت، بۆیه‌ به‌په‌له‌ گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی فێركاری هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئه‌نجامدانی پشكنینی زیاتر بۆ دڵنیابوون لە حاڵەتەکە". 

وتیشی "ئێمه‌ش لێره‌ بۆ پاراستنی گیانی پزیشك و كارمه‌ند و هاوڵاتیان و له‌ پێناو سه‌لامه‌تیان و تووش نه‌بوون به‌و ڤایرۆسه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان داخست و هه‌موو نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ مادده‌ی تایبەت پاککراوەتەوە".  

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وابڕیاره‌ پاش نیوڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ئه‌نجامی پشكنینه‌كانی ئه‌و مێردمنداڵه‌ له‌ به‌غداوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێم. 

باسی له‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌و مێردمنداڵه‌ دانیشتوی گوندێكی ناحیه‌ی خه‌لیفانی سه‌ر به‌ قه‌زای سۆرانه‌، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ش كه‌ دووچاری بووه‌ به‌ پێی زانیارییه‌كان جۆره‌ ڤایرۆسێكه‌ كه‌ له‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ مرۆڤ و مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی دروستده‌كات. 

له‌باره‌ی كاتی كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ش به‌ڕووی هاوڵاتیان، سه‌رچاوه‌کە  وتیشی "به‌دیاریكراوی نازانین كه‌ كه‌ی نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ڕووی هاوڵاتیان ده‌كرێته‌وه‌، چونكه‌ ئێستا هه‌موو بینای نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌سه‌رجه‌م به‌شه‌كانیه‌وه‌ به‌ مادده‌یه‌كی تایبه‌ت پاككراوه‌ته‌وه‌( ته‌عقیم) كراوه‌".

 

ئەمڕۆش له‌ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی رایگه‌یاند كه‌ دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی پێویست بۆ (تعقیم) بوونی، هه‌موو  به‌شه‌كانی، نه‌خۆشخانه‌کە به‌ ڕووی هاووڵاتیاندا ده‌كه‌نه‌وه‌ و پێشوازی له‌ نه‌خۆش و هاووڵاتیان ده‌كه‌ن. 

له‌ ڕونكردنه‌وه‌كەدا كه‌ بۆ دواڕۆژ نێردراوه‌، نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له‌ سۆران ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌ "دوای ئه‌وه‌ی كه‌ رۆژی هەینی نه‌خۆشێك گه‌یه‌نرایه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌مان، دوای گرتنبه‌ری ڕێوشوێنی پزیشكی و پشكنینه‌كان و مانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له‌ نه‌خۆشخانه‌، گومانكرا كه‌ ئه‌و هاووڵاتیه‌ هه‌ڵگری جۆره‌ ڤایرۆسێك بێت و بۆیه‌ نه‌خۆشه‌كه‌مان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر كرد". 

له‌و ڕونكردنه‌وه‌یه‌دا ئه‌وه‌ش هاتوه‌ كه‌ "له‌پێناو سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان ته‌واوی نه‌خۆشخانه‌كه‌مان به‌ ماده‌ی پاككه‌ره‌وه‌ی تایبه‌ت (تعقیم) پاككردۆته‌وه‌، بۆیه‌ به‌ گشت لایه‌كی راده‌گه‌یه‌نین كه‌ پێویست به‌ نیگه‌رانی و دوو دڵی ناكات". 

جه‌خت له‌وه‌شكراوه‌ته‌وه‌  كه‌ دوای ته‌واوبوونی ماوه‌ی پاكبوونه‌وه‌كه‌ هه‌موو به‌شه‌كانی نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ڕووی هاووڵاتیاندا ده‌كه‌نه‌وه‌.

 


 

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure