فەرماندەی دژەتیرۆر: دۆخی کەرکوک ئارامە

هەواڵ / کوردستانی :: 30/06/2018‌ :: 1017‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق لە كەركوك لەبارەی دۆخی شارەکەوە راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوەو تیایدا دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان، جەختیش دەكاتەوە کە ئەو رێوشوێنانەی گرتویانەتەبەر بۆ پوچەڵكردنەوەی هەر مەرامێكە بۆ تێكدانی دۆخی كەركوك.


لیوا روكن معەن سەعدی، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی دووەمی دژەتیرۆر لەبەیاننامەیەكدا ئەوەی خستەڕوو "دۆخی شارەكە ئارامە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێوشوێنی ئەمنی توندمان گرتوەتەبەر بۆ پوچەڵكردنەوەی هەر مەرامێك كە دوژمنانی عێراق هەیانبێت، یاخود داعش ئەگەر بێت و بیر لەوەبکاتەوە هەڕەشە لەئاسایشی شارەكە بكات".

داواش دەکات هاوڵاتیان باوەڕ بەو هەواڵانە نەكەن كە لەتۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوەو دەڵێت"هێزە ئەمنییەكان دەستیانكردووە بەجێبەجێكردنی پلانێك بۆ دوبارە دابەشكردنەوەی هێزەكان لەسەنتەری كەركوك بەمەبەستی جێبەجێكردنی پلانێكی ئەمنی نوێ كە خۆی لەدانانی بازگەی هاوبەشی كاتی دەبینێتەوە و لەهەمانكاتدا شارەكە بەسەر چەند كەرتێكدا دابەشدەكەین وەكو ئامادەكاری بۆ گەڕان و پشكنین".

لە راگەیەندراوەکەی فەرماندەی دژەتیرۆری عێراق لە كەركوك ئەوەش هاتووە "دۆخی پێكەوەژیان و ئاسایشی كەركوك بەراورد بەساڵانی رابردوو باشترە"، داواشیكرد لەو كەسانەی بۆچونی جیاوازتریان هەیە سەردانێكی كەركوك بكەن.

لیوا روكن معەن سەعدی، ئەو هەواڵانەشی بەدرۆخستەوە كە باسیان لەبەجێهێشتنی خۆیان كردبوو لەكەركوك و رونیکردەوە " لەگەڵ چەكدار و ئەفسەرە قارەمانەكاندام و بەشەقام و گەڕەكەكانی كەركوكدا دەسوڕێمەوەو پابەندیشین بەهەر بڕیارێك فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەریبكات".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure