كه‌رتى ته‌ندروستى شاره‌زوور ڕوبه‌ڕوى چه‌ندین گرفت دەبێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 29/06/2018‌ :: 794‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌هۆى ئاوڕنه‌داوه‌ى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ ته‌ندروستییه‌كانى سنورى قه‌زاى شاره‌زوور و دابیننه‌كردنى هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌ك بۆ نۆژه‌نكردنه‌وەى بیناى نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانى سنوره‌كه‌، كه‌رتى ته‌ندروستى شاره‌زوور به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ وگرفته‌وه‌ ده‌ناڵێنێ.

 
ئازاد ڕه‌سوڵ، کە هاوڵاتییەکی قه‌زاى شاره‌زوورە، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌ كه‌ له‌ سنورێكى به‌رفراوانى وه‌ك شاره‌زوور ته‌نها یەک نه‌خۆشخانه‌ی گشتى لێیه‌، به‌ڵام ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ش به‌ ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ و گرفته‌وە گیرۆده‌ بووه‌و كاروباره‌كان وه‌ك پێویست به‌ڕێوه‌ ناچن و پزیشكى زۆرێك له‌ پسپۆڕییه‌كانى تێدا نییه‌ و له‌به‌ر نه‌بوونى پزیشك زۆر جار هاوڵاتیان ڕوو له‌ سلێمانى ده‌كه‌ن و ئه‌ركێكى زیاتریان ده‌كه‌وێته‌سه‌ر شان".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، سه‌ره‌ڕاى نه‌بوونى پزیشكى به‌شێك له‌ پسپۆڕییه‌كان له‌ هه‌مان كاتیشدا بیناى نه‌خۆشخانه‌كه‌ش مه‌ترسى ڕووخانى له‌سه‌ره‌ و تائێستا نۆژه‌ن نه‌كراوه‌ته‌وه‌ كه‌ بەهۆی بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ى ساڵى ڕابردوو زیانێكى زۆرى به‌ركه‌وتووە.

لەوبارەیەوە، ڕێبین حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى له‌ نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید ڕه‌وف به‌گ له‌ قه‌زاى شاره‌زوور بۆ دواڕۆژى رونیکردەوە "نه‌خۆشخانه‌كه‌مان له‌ سنوره‌كه‌دا تاكه‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ كه‌ به‌شى فریاكه‌وتن و منداڵبوونى تێدایە و ده‌وامى 24 كاتژمێرى تێدا ده‌كرێت و هه‌روه‌ها نه‌شته‌رگه‌رى بچوك و گه‌وره‌شى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت، زیاد له‌ 70 هه‌زار هاوڵاتى له‌م سنوره‌ سود له‌م نه‌خۆشخانه‌ وه‌رده‌گرن، به‌ڵام بیناى نه‌خۆشخانه‌كه‌مان به‌ كه‌ڵكى ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ ده‌وامى تێدا بكرێت و زۆرێك له‌ به‌ش و ژوره‌كانمان داخستووه‌".

وتیشی "له‌ ئه‌نجامى بومه‌له‌رزه‌كه‌ى ساڵى ڕابردوو به‌بڕى 200 ملیۆن دینار زیان به‌ر بیناى نه‌خۆشخانه‌كه‌مان كه‌وتووه‌، ڕۆژ له‌ دواى ڕۆژیش كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌و بومه‌له‌رزه‌یە زیاتر ده‌بن، به‌جۆرێك به‌هۆى تێكه‌ڵبوونى ئاو و ئاوه‌ڕۆى نه‌خۆشخانه‌كه‌مانه‌وه‌ به‌شێكى زۆرى ژوره‌كانمان داخستووه‌، به‌ڵام تائێستا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌ت نه‌هاتوون به‌ده‌م كێشه‌كانمانه‌وه‌، ته‌نها ڕێكخراوێكى ئه‌مه‌ریكى به‌ڵێنى خه‌رجكردنى بڕى 36 ملیۆن دینارى پێداوین كه‌ ئه‌وه‌ش زۆر كه‌مه‌و به‌شى پێداویستییه‌كانمان ناكات".

به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌هید ڕه‌وف به‌گ ئه‌وه‌شى خستەڕوو "سه‌ره‌ڕاى داڕمانى به‌شێكى بیناى نه‌خۆشخانه‌كه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا روبه‌ڕوى گرفتى نه‌بوونى پزیشكى به‌شێك له‌ پسپۆڕییه‌كان بوینه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوویه‌كى زۆر نزیكدا ئه‌م كێشه‌ و گرفتانه‌مان چاره‌سه‌ر نه‌كرێت ناچارین به‌ یه‌كجارى نه‌خۆشخانه‌كه‌ دابخه‌ین".

لاى خۆیه‌وه‌ ڕزگار غه‌فور، قایمقامى قه‌زاى شاره‌زوور، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ دواى سه‌رهه‌ڵدانى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ چه‌ندین كێشه‌ و گرفت له‌ كه‌رتى ته‌ندروستى و ڕۆشنبیرى و په‌روه‌رده‌ روبه‌ڕوى قه‌زاكه‌مان بووەته‌وه‌، له‌دواى بومه‌له‌رزه‌ به‌هێزه‌كه‌ى ساڵى ِرابردوه‌وه‌ كێشه‌ و گرفته‌كانمان دوو هێنده‌ زیادیانكردوه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ڕووى بینا و تێكچوونى به‌شێكى زۆرى خزمه‌تگوزارییه‌كان".

دەشڵێت "بومه‌له‌رزه‌كه‌ى ساڵى ڕابردوو به‌ بڕى زیاد له‌ یه‌ك ملیار دینار زیانی به‌ بیناى فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و خانووبه‌ره‌ى هاوڵاتیان گەیاندووە، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕه‌ بودجه‌یه‌كمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى هاوڵاتیان و هه‌روه‌ها نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى داموده‌زگا حكومییه‌كان، به‌ڵام به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌رهێڵین بۆ ئه‌وه‌ى چاره‌سه‌رى گرفته‌كان بكه‌ین به‌ تایبه‌ت گرفته‌كانى كه‌رتى ته‌ندورستى".

 

 

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە