یەکێتی بۆ هاوپەیمانان: ئەگەر پیشێلکارییەکان رانەگیرێت دەستیوەردان دەکەین

هەواڵ / کوردستان :: 29/06/2018‌ :: 1341‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
لەفەرماندەیی گشتی هێزی پیشمەرگە لەسلێمانی بەرپرسانی حزبی و سەربازی یەکێتی بەئامدەبوونی نوینەری حزبی و عەشایەری ناوچەکانی خانەقین و کەرکوک لەگەڵ فەرماندەکانی هاوپەیمانی نیوەدەوڵەتی داعش کۆبوونەوە.


غەفور ساڵح، جێگری مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت "لەکۆبوونەوەکەدا وەکو یەکێتی پەیامی خۆمان بەڕاشکاوانە لەبارەی دۆخی ناوچەکان بەگشتی خستەڕوو و پێیانمان راگەیاند، ئەگەر پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی دژی گوندەکانی کورد رانەگیرێت ئەوە بەخۆشی و ناخۆشی لەرێگەی هێزەوە دەستێوەردان دەکەین".

لەبارەی بۆچونی هاوپەیمانان بەرامبەر پەیامەکەی یەکێتی، جێگری مەڵبەندی کەرکوک وتیشى "هاوپەیمانان بەوردی سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەیان لەلای خۆیان تۆمارکرد و لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی کاکەیی، داوودە و تاڵەبان قسەیان کرد و بەڵێنیاندا ئاراستەی سەروی خۆیانی بکەن".

غەفور ساڵح ئەوەشی خستەڕوو، بەراشکاوانە بەهاوپەیمانانمان وت، ئەو پەلامارانەی داعش دژی ناوچە کوردنشینیەکان ئەنجامدەدرێت، پیلانگیڕی دوو پەرلەمانتاری عەرەبی سونەی کەرکوک-ە بۆ چۆڵکردنی سنورەکە لەهاوڵاتیانی کورد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure