هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌كان به‌شدارى یادى كیمیابارانى سه‌رده‌شتیان كرد

هەواڵ / کوردستان :: 29/06/2018‌ :: 758‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌بۆنه‌ى تێپه‌ڕبوونى 31 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانى شارى سه‌رده‌شتى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان،  شاندێك له‌ كه‌سوكار شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌شدارى یادى كیمیابارانى شارەکەیان كرد. سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، په‌یامى خه‌ڵك و كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌مان گه‌یانده‌ كه‌سوكارى شه‌هیدانى سه‌رده‌شت.

لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند "سه‌ر له‌ئێواره‌ى دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ 28ى حوزه‌یران، كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونى 31 ساڵ به‌سه‌ر كیمیابارانكردنى شارى سه‌رده‌شت له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانى ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عسه‌وه‌، به‌ نوێنه‌رایه‌تى ئیداره‌ى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ شاندێكمان به‌شدارى یاده‌كه‌یانكرد و په‌یامى خه‌ڵك و كه‌سوكارى شه‌هیدانیان گه‌یانده‌ كه‌سوكارى قوربانیانى شارى سه‌رده‌شت".

وتیشى "مه‌راسیمى یادكردنه‌وه‌كه‌ به‌ كۆبوونه‌وه‌ى كه‌سوكارى شه‌هیدان و به‌رپرسانى حكومى له‌ گه‌ڕه‌كى سه‌روچاوه‌ى ناوه‌ندى شارى سه‌رده‌شت ده‌ستیپێكرد، پاشان به‌شداربووانى یاده‌كه‌ به‌ شێوه‌ى ڕێپێوان به‌ره‌و مه‌زارى شه‌هیدانى كیمیابارانى سه‌رده‌شت به‌ڕێكه‌وتن، له‌وێش نوێنه‌رى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى شارى سه‌رده‌شت و نوێنه‌رى ڕێكخراو و دامووده‌زگا حكومییه‌كان وته‌ى خۆیان پێشكه‌شكرد كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ دڕنده‌یى ڕژێمى له‌ناوچووى به‌عس دژ به‌ گه‌لى كورد".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، ئێمه‌ش وه‌ك كه‌سوكارى شه‌هیدانى هه‌ڵه‌بجه‌ په‌یامى هاوخه‌مى خۆمان گه‌یانده‌ كه‌سوكارى شه‌هیدانى شارى سه‌رده‌شت، هاوكات داواشمانكرد به‌هۆى ئه‌و ئێش و ئازاره‌ى كه‌ هه‌ردولامان هه‌مانه‌ هه‌ماهه‌نگییه‌كى پته‌و له‌ بوارى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوریدا دروست بكه‌ین و قوربانییه‌كانمان بكه‌نه‌ خاڵى هاوبه‌شى دروستكردنى په‌یوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵ له‌ نێوان سه‌رده‌شت و هه‌ڵه‌بجه‌دا.

كاتژمێر 4:30 خوله‌كى ڕۆژى 28/6/1987 فڕۆكه‌كانی ڕژێمی به‌عسی له‌ناوچوو چوار خاڵی قه‌ره‌باڵغی ناوه‌ندی شاری سه‌رده‌شتی سه‌ر به‌ پارێزگای ورمێی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و سێ خاڵیان له‌ گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریان كیمیاباران كرد، له‌ ئه‌نجامدا 110 هاوڵاتی بێتاوان شه‌هیدبوون و زیاتر له‌ هه‌شت هه‌زاری دیكه‌ برینداربوون.

بۆردوومانه‌كه‌ی سه‌رده‌شت له‌ میانی جه‌نگی ئێران و عێراق بوو، كه‌ ئه‌وكات عێراق به‌بیانووی بۆردوومانكردنی هێزه‌ ئێرانییه‌كان، بۆردوومانی ناوه‌ندی سه‌رده‌شتی كرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە