ڕۆحانى ئاماده‌یی خۆى بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئەمریکا ڕاده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / جیهان :: 28/06/2018‌ :: 764‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
دوێنێ چوارشه‌ممه‌ به‌روارى 28ى حوزه‌یرانى 2018 حەسەن ڕۆحانى، سه‌رۆك کۆماری ئێران ئاماده‌بوونى حكومه‌ته‌كه‌ى بۆ ده‌ستپێكردنى گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ئاشكرا كرد.


حه‌سه‌ن ڕۆحانى، له‌ وتەیەکیدا بۆ به‌رپرسه‌ گه‌وره‌ جێبه‌جێكاره‌كانى ئێران رایگه‌یاند كه‌ سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌و فشارانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى ته‌واوى ئه‌ندامه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى به‌رده‌وامده‌بن له‌ كاركردن تا كۆتا ساته‌وه‌خت و به‌رگه‌ى سه‌ختییه‌كان ده‌گرن.

رۆحانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى حكومه‌ته‌كه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ به‌هۆى ئه‌و فشاره‌ ناوخۆییانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى و ده‌ڵێت "ئه‌وانه‌ هه‌ڵه‌ن كه‌ پێیانوایه‌ كه‌ حكومه‌ت ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه‌ یاخود ده‌كشێته‌وه‌". 

له‌ ئێستادا زیاتر له‌ سێ به‌شى په‌رله‌مانى ئێران داواى گۆڕانكارى له‌ پێكهاته‌ى حكومه‌تدا ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ى په‌یوه‌ندیدارن به‌ ئابوورى وڵاته‌وه‌ به‌هۆى خراپى دۆخى دارایى وڵاته‌كه‌.

ڕۆحانى له‌ درێژه‌ى وته‌كانیدا وتویه‌تى كه‌ ئێران سه‌ر بۆ ئه‌مریكا شۆڕ ناكات و كه‌رامه‌تى نه‌ته‌وه‌یی و مێژوویى خۆى ده‌پارێزێت.

وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا پێش چه‌ند كاتژمێرێك له‌ وته‌كانى رۆحانى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تى ئێرانى به‌ هۆى سه‌ركێشییه‌كانى له‌ سوریا، پشتگیرى بۆ (حزبوڵا) و بزوتنه‌وه‌ى حه‌ماس و حوسییه‌كان وه‌ هه‌روه‌ها هه‌وڵه‌كانى بۆ فراوانكردنى به‌رنامه‌ ئەتۆمییەکانی زیان به‌ گه‌لى ئێران ده‌گه‌یه‌نێت، وه‌ ده‌شڵێت كه‌ زیادبوونى ناڕه‌زاییه‌كان له‌ ناوخۆى ئێران جێى سه‌رسوڕمان نییه‌ و گه‌لى ئێران ده‌یانه‌وێت به‌شداربن له‌ به‌كارهێنانى  سامانه‌كانى وڵاته‌كه‌ و داواى پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستییه‌كانیان ده‌كه‌ن و گه‌لى ئێران بێزارن له‌ گه‌نده‌ڵى و سته‌م، جیهان گوێبیستى ده‌نگیانه‌.

له‌باره‌ى پێكهاته‌ى حكومه‌تیشه‌وه‌ محمود واعزى، به‌رپرسى نوسینگه‌ى سه‌رۆكی ئێران ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ پێكهاته‌ى حكومه‌ت گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت و چه‌ند وه‌زیرێك له‌سه‌ركار لاده‌برێن، بەڵام ناوى ئه‌و وه‌زیرانه‌ى ئاشكرا نه‌كردووه‌ و ده‌ڵێت "رۆحانى خاوه‌ن بڕیاره‌ له‌وباره‌یه‌وه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure