ئایا حکومەتی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی دەتوانن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕابگرن؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 28/06/2018‌ :: 364‌ جار بینراوە

 ڕێبوار محه‌مه‌د محه‌مه‌دئەمین *  

 
لە دوای ڕووخانی ڕژیمی بەعس و دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق و دانانی دەستوری هەمیشەی عێراق لە ساڵی 2005 و سەلماندنی بەشێک لە مافەکانی خەڵکی کوردستان لەم دەستورە هەمیشەیەدا، لەوانە مافی هەڵسوکەوتکردن بە وزەوە، هەر لەجێبەجێکردنی دەستورەوە کێشە و ململانێ کەوتە نێوان بەغدا و هەولێر و ڕێکەنەکەوتن لەسەر تێپەڕاندنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە ساڵی 2007. بەردەوام کێشە و ململانێ درێژەی هەیە و بەردەوامە و یەکلاینەبوەتەوە و چارەسەرنەکراوە، تا کار گەیشتە ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار بکات. دادگاش نەیتوانیوە تائێستا دۆسیەکە یەکلایبکاتەوە و دووبارە دوایخستووە بۆ مانگی داهاتوو.                                                                

 هۆکارەکان چین کە ناتوانرێت هەناردەی نەوتی کوردستان ڕابگیریت؟
 ـ لە مادەی110ی دەستوری عێراقدا دەسەڵاتە حەسریەکانی حکومەتی فیدراڵی عێراق دیاریکراوە و مافی بەکارهێنانی تاکلایەنەی نەوت و گازی بە حکومەتی فیدراڵ نەداوە. ناتوانێت تاکلایەنە ڕێگریی بکات. 


 ـ لە مادەی111ی دەستوری عێراقدا سامانی نەوت و گاز سامانی هەموو گەلانی عێراقە بەبێ جیاوازی. واتە نەتەوەی کورد وعەرەب یەکسانن لە بەکارهێنانی ئەم سامانەدا. واتە حکومەتی فیدراڵ ناتوانێت بەتەنها هەڵسوکەوت بکات بەبێ کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان.        


ـ مادەی112ی دەستور لە دوو بڕگەدا ئاماژەی بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەو مافە کردووە، لە بڕگەی یەکەم دەڵێت ئەو کێڵگە نەوتیانەی کە تا پێش15/8/2005 هەبوون ئەوا حکومەتی فیدراڵ و هەرێم پێکەوە مافی هەڵسوکەوتکردنیان بە سامانی نەوت و گازیانەوە هەیە، لێرەشدا بەغدا مافی تاکلایەنەی نییە.


 لە بڕگەی دووەمدا دەڵێت هەرێم و مەرکەز پێکەوە  مافی هەڵسوکەوتیان هەیە بە سامانی نەوت و گازەوە هەر لە دۆزینەوە و هەڵکەندنه‌وه‌ تا گواستنەوە و فرۆشتن. لێرەشدا ئەم مافە دوولایەنەیە و بەغدا ناتوانێت تاکلایەنە هەڵسوکەوت بکات بە سامانی نەوت و گازەوە.


ـ لە مادەی115ی دەستوری عێراقدا دەڵێت لە کاتی دروستبوونی ناکۆکی لە نێوان مەرکەز و هەرێمدا لەسەر دەسەڵاتەکان جگە لە دەسەڵاتە حەسریەکانی بەغدا، ئەوا ئەولەویەت بۆ یاسای هەرێمەکانە. واتە یاساکانی هەریم جێبەجێ دەکرێن و یاسای مەرکەز جێبەجێ ناکرێت. پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە 22ی ساڵی 2007 نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی دەرکردووە و لە روانگەی مافەکانی کورد لە وزە لە دەستوری عێراق و بەپێی ئەم یاسایه‌ هەولێر دەتوانێت گرێبەستی نەوت ئەنجام بدات بە شێوەی یاسایی و دەستورى.


ـ لە مادەی121ی دەستوردا هاتوو کە هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە دەسەڵاتی یاسادان و جێبەجێکردن و دادوەریی هەبێت و دەتوانێت لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا یاسا بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دەربکات، هەر بۆیە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان هەم دەستورییە و هەم یاساییشە. لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت هەرێم دەتوانێت تەعدیلی ئەو یاسایانە بکات کە مەرکەز دەریدەکات و دەسەڵاتی حەسری خۆی نییە، هەر بۆیە ئەگەر پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت و گاز دەربکات بەبێ ڕەزامەندیی کورد، ئەوا لە کوردستان جێبەجێ نابێت و پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت جێبەجێی نەکات و هەمواری بکاتەوە، چونکە وزە دەسەڵاتێکی هاوبەشە لە نێوان مەرکەز و هەرێمدا.


ـ لە یاسای وەبەرهێنانی دەوڵەتی فیدراڵی عێراقدا هاتووە ئەگەر هەرێم گرێبەستی نەوت و گازی ئەنجامدا بە سەربەخۆیی، ئەوا ئەنجامی باشی و خراپی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و فیدراڵ ناچێتە ژێرباری هیچ بەرپرسیارێتیەک کە لە ئەنجامی ئەم گرێبەستانه‌ لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی بواری نەوت و گاز دروست دەبن. کەواتە یاسای وەبەرهێنانیش خۆی لەم کێشەیه‌ دەربازکردووە و دەزانێت دەستور ئەو مافەی پێنادات کە رێگریی بکات.
 
* پسپۆڕ لە گرێبەستی نەوت و گاز



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure