دابه‌زینى به‌هاى تمه‌ن دۆخى بازرگانی لەگەڵ ئێران تێكده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: 26/06/2018‌ :: 1910‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
ئەندامێکی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رایدەگەیەنێت، بارودۆخی بازاڕی دۆلارەکە و بازرگانی و ئەوەی پەیوەندی بە ئێرانەوە هەیە لەوپەڕی خراپیدایە.

حەمید عەبدوڵا، نوێنەری بازرگانانی دراو و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "رەوشی بازاڕی ئاڵۆگۆڕى دراو و حەواڵەکردن و بازرگانی لەگەڵ ئێراندا خراپە، بازرگانان پارەیەکی زۆریان لە ئێران بە تمەن مۆڵ بووە، ئێستا ئەو تمەنیان بۆ ناکرێتەوە بە دۆلار بەهۆی دابەزینی نرخی تمەنەوە لە سەدا پەنجای کۆی ئەو پارەيەی هەیانە لەدەستیدەدەن و زەرەردەکەن''. 

وتيشى "كۆمەڵێک بازرگانی دیکە لە سلێمانیەوە ھەناردەی کەلوپەل دەکەن بۆ ئێران وەک مۆبایل و سپلیت و گسکی کارەبايی و جلشۆر و چەندین کەلوپەلی دیکە، ھەموو ئەو شتانەی کە دەینێرن گەر ماوەی ٣٤ کاتژمێری بەسەردا تێپەڕێت ئەو بازرگانە یان زەرەردەکات یان مایەکەی خۆی دەستدەکەوێتەوە".

رونیشیكرده‌وه‌ "ھەر شتێکیش کە ھەناردەی دەرەوە دەکرێت بە ماوەی ھەفتەیەک یان مانگێک یان زیاتر پارەکەی دەگەڕێتەوە، ئەمە ھەر بۆ ئێران وانیە، بەڵکو لەگەڵ تورکیاش بازرگانی بەوشێوەیەیە، چونکە ئەو وڵاتەش پارەکەی شکاوە".

ماوەیەکە به‌هاى تمەنی ئێرانی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی ڕۆژانە لە شکاندایە و له‌ مێژوودا دابه‌زینى له‌و جۆره‌ى به‌خۆه‌یه‌وه‌ و نه‌بینیوه‌ و دوێنى دابه‌زینێكى پێوانه‌یی تۆماركرد و 100 دۆلار به‌ 900.000 تمه‌ن مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure