به‌نزین به‌ نرخێكی كه‌متر ده‌درێته‌ بەشێک لە شۆفێران

هەواڵ / ئابوری :: 26/06/2018‌ :: 8347‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
پارێزگاری هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و پێنج ملیۆن لیتر به‌نزینه‌ی بڕیاره‌ به‌غدا بینێرێت تا ئێستا نه‌گه‌یشتووەته‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر به‌غدا ئه‌و بڕه‌ به‌نزینه‌ ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، بە نرخێکی کەمتر ده‌درێته‌ ته‌كسییه‌كان". 


نه‌وزاد هادی، پارێزگاری هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "پێشتر حكومه‌تی عێراق بڕیاریدابوو كه‌ پێنج ملیۆن لیتر به‌نزین بۆ پارێزگاكانی هه‌رێم بنێرێت، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و به‌نزینه‌ نه‌گه‌یشتووه‌".
 
پارێزگاری هه‌ولێر وتیشی "ئه‌و به‌نزینه‌ی كه‌ به‌ به‌رده‌وامیی له‌ به‌غداوه‌ ره‌وانه‌ ده‌كرێت كه‌ بڕه‌كه‌ی زۆر كه‌مه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌نزینه‌ی كه‌ له‌ پێنج ملیۆنه‌كه‌ پشكێكی به‌ر هه‌ولێر ده‌كه‌وێت بۆ ته‌كسییه‌كان دابینده‌كرێت". 

له‌ باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزینیش نه‌وزاد هادی وتى "نرخی به‌نزین وه‌ك خۆیه‌تی و به‌و به‌شه‌ به‌نزینه‌ی عێراق ره‌وانه‌ی ده‌كات نرخه‌كه‌ی كه‌م نابێته‌وه‌، چونكه‌ بەشی ئه‌وه‌نده‌ ناكات به‌نزین له‌ بازاڕ زۆربێت و نرخه‌كه‌ی دابه‌زێت"، به‌ڵام پارێزگاری هه‌ولێر باسی له‌وه‌نه‌كرد كه‌ به‌نزین به‌كۆبوون ده‌درێته‌ ته‌كسییه‌كان یان هه‌روه‌ك ئێستا ده‌بێت. 

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ ئه‌و به‌نزینه‌ی بڕیاروایه‌ بدرێته‌ ته‌كسییه‌كان، نرخه‌كه‌شی به‌ 640 دینار ده‌بێت.
 
نزیكه‌ی پێنج ساڵه‌ حكومه‌تی عێراق ناردنی به‌نزینی له به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان راگرتووه‌و له‌ پارێزگاكانی عێراق نرخی یه‌ك لیتر به‌نزین به‌ 450 دیناره‌و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش نرخی یه‌ك لیتر به‌نزینی عادی بە 700 تا 725 دیناره‌و بەنزینی کوالێتی باش نرخەکەی زیاترە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure