شووتى شاره‌زوور هه‌رزان فرۆش ده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 25/06/2018‌ :: 2600‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید، راپۆرت
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی بەرهەمە هاوینەییەكانی سنوری دەشتی شارەزوور و سەیدسادق و پێنجوێن پێگەیشتوون، بەڵام هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی لە مەرزەكانەوە بەتایبەت مەرزی باشماخ، جوتیارانی دەشتی شارەزووری ڕووبەڕووی گرفتی ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەكانیان كردوەتەوە، ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانیش چارەسەرەكان دەخاتەڕوو.

بێ بازاڕى شوتى
لە ئێستادا بەرهەمی شووتی جوتیارانی دەشتی شارەزوور و سەیدساق پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی هاوردەكردنی شوتی لە ئێران و پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و  كیلۆیەك شوتی جوتیارانی شارەزوور 60 دینار دەكات، ئەمەش وایكردووە بەشێكی جوتیاران كێڵگەكانیان جێبهێڵن.

ڕەحمان ئەحمەد، یەكێك لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەمساڵ لە سنوری دەشتی شارەزوور باشترین جۆری شووتی بەرهەم هێنراوە لەلایەن جوتیارانی سنورەكەوە، بەڵام زیانێكی زۆرمان بەركەوتووە و بەرهەمەكانمان لە بازاڕدا ساغ نابێتەوە، كیلۆی تەنها 60 دینار لێمان وەردەگرن لە عەلوەكاندا كە ئەمە نیوەی ئەو تێچووە نیە لە بەرهەمهێنانی شوتییەكەدا خەرجمان كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هاوردەكردنی شووتی لە مەرزەكانەوە بەتایبەت مەرزی باشماخ، زیانی زۆر گەورەی لە جوتیارانی ئەم سنورەداوە چونكە ئەو ڕێنماییانەی كە ساڵانە بۆ قەدەغەكردنی بەرهەمی شووتی و بەرهەمەكانی تر دادەنرێن وەك خۆیان جێبەجێناكرێن، لەم نێوەندەشدا تەنها ئێمەی جوتیاران باجەكەی دەدەین، بۆیە گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی كە واز لەكاری كشتوكاڵ بهێنین و بیر لە كارێكی تر بكەینەوە. 

شووتى هه‌ران فرۆش ده‌كرێت
بەختیار حەمەعەلی، یەكێكی تر لە جوتیارانی دەشتی شارەزوور بۆ دواڕۆژ ئەوەی خستەڕوو، جێگەی داخە كە لە دەشی شارەزوور و سەیدسادق باشترین جۆری بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم دەهێنرێت بە بێ‌ بەكارهێنانی مادەی كیمیایی، بەڵام لەكاتی پێگەیشتنی بەرهەمەكانمان ناچارین هەزران فرۆشی بكەین یاخوود هەر جێی بهێڵین، چونكە هێنانی بەرهەمی دەرەكی لە ئێرانەوە ئێمەی توشی زیانی گەورە كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئێمە باشترین جۆری شووتیمان بەرهەمهێناوە بەڵام ئێستا كە پێگەیشتووە كیلۆی 60 دینار ناكات، بۆیە بەناچاری زۆرێك لە جوتیارانی ئەم سنورە وازیان لە كێڵگەكانیان هێناوە، چونكە لێكردنەوەی شوتیەكەو بردنی بۆ عەلوەكان زیاتر پارەی تێدەچێت تا ئەوەی كە پارە دەستی خاوەن شوتییەكە بكەوێت، بۆیە داواكارین لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەپەلە ئاوڕێكی جدی لە جوتیاران بدەنەوە و سنورێك بۆ هاوردەكردنی شوتی دابنێن.

ئاسانكاريی بۆ بازرگانەكان دەكرێت
لای خۆیەوە خەلەف ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ دواڕۆژی وتى "هۆكاری سەرەكی شكستهێنانی كەرتی كشتوكاڵ لەهەرێمی كوردستان و ساغنەبوونەوەی بەرهەمی جوتیاران، دەگەڕێتەوە بۆ كراوەیی مەرزەكان بەڕووی هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەكی، هاوكات ئەو بڕیارانەشی كە ساڵانە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە دەردەچن بۆ باج خستنەسەر بەرهەمی دەرەكی هیچ لە بابەتە ناگۆڕێت و لەوەشدا ئاسانكاری بۆ بازرگانەكان دەكرێت.

ئه‌وپه‌رله‌مانتاره‌ى جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ بۆ هاوردەكردنی هەر كیلۆیەك شووتی بڕی 250 دینار وەك باج دیاریكراوە، بەڵام ئەمە چارەسەری گرفتی جوتیارانی هەرێمی كوردستان ناكات، چونكە بەهۆی دابەزینی دراوی ئێرنییەوە، ئەگەر كیلۆیەك شوتی كەمتر لە 100 دیناریش بۆ جوتیارانی ئێرانی بكات، هەر لە سوودی ئەوانە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە بڕێكی زۆر شوتی بە شێوەی نایاسایی و بەدەر لە باج خستنەسەری دێنە ناوبازاڕەكانی هەرێمەوە.

قه‌ده‌غه‌كردنى هاورده‌ى ده‌ره‌كى

ئەو پەرلەمانتارە ئەوەشی وت: تاكەچارەسەر، قەدەغەكردنی هاوردەكردنی شوتییە لە ئێرانەوە تا كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم، چونكە بەرهەمی دەشتی شارەزوور و گەرمیان و هەولێر بەشی ئەوەندە دەكات كە تاكۆتایی مانگی تشرینی یەكەم پێداویستی بازاڕەكانی هەرێم پڕبكاتەوە.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure