دوو حزب به‌ یه‌ك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانی هەرێم ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 25/06/2018‌ :: 3337‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
یەكگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی هاوپەیمانیه‌تیه‌ك بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكدەهێنن و ئه‌مڕۆش به‌ڕەسمى ناوى خۆیان له‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژارنه‌كانى هه‌رێم تۆمارده‌كه‌ن.


دوێنێ یەكشەممە 24ی حوزەیرانی 2018، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كۆبوەوە و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامی بەیەك لیست به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووش شه‌وى ڕابردوو شاندى باڵاى هه‌ردوولا رێككه‌وتن به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كانى 30ى ئه‌یلولى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ كامیل مه‌حمود، وته‌بێژى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند، وه‌كو لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان هه‌وڵى زۆریاندا هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن بۆئه‌مه‌ش ده‌ستپێشخه‌رییان كرد، به‌ڵام دواجار هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى و یه‌كگرتووى ئیسلامى به‌یه‌كه‌وه‌ رێككه‌وتن بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك پێكبهێنن.

ئاشكراشیكرد، هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ر له‌ واده‌ى ته‌واوبوونى تۆماركردنى هاوپه‌یمانى قه‌واره‌ سیاسییه‌كان ناوى خۆیان له‌ كۆمسیۆن تۆمارده‌كه‌ن.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure