هه‌ده‌په‌ له‌په‌رله‌مانی توركیا بەمەرج رێککەوتن دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 25/06/2018‌ :: 706‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لی 
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی توركیا له‌ پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) رایگه‌یاند، له‌ په‌رله‌مان ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و پارته‌ رێكبكه‌وین كه‌ ئاماده‌بێت بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ توركیا.


له‌زگین بۆتان، په‌رله‌مانتاری هه‌ده‌په‌ له‌ شاری وان بۆ دواڕۆژ وتی "له‌گه‌ڵ هه‌موو مه‌رجێكی سه‌خت و دۆخی ناهه‌مواری باكوری كوردستان كه‌ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار دروستی كردبوو، هه‌ده‌په‌ توانی به‌ربه‌ستی 10% تێپه‌ڕێنێت ئه‌مه‌ش سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌یه‌ بۆ خه‌باتی دیموكراسی له‌ باكوری كوردستان و توركیا".

وتیشی "له‌ قۆناغی داهاتوودا له‌ په‌رله‌مانی توركیا ده‌نگی گه‌لی كورد ده‌گەیەنینه‌ هه‌موو جیهان و له‌ هه‌مان كاتدا په‌رله‌مانتارانی ئێمه‌ ئاماده‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌و پارته‌ رێكبكه‌ون كه‌ ئاماده‌بێت بۆ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی نوێ بۆ توركیا كه‌ مافی گه‌لی كوردی تیادا بێت".

به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی توركیا كه‌ دوێنێ 24ی حوزه‌یران به‌ڕێوه‌چوو، پارتی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌په‌) 68 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure