ئیئتلافى نه‌سر: درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان پێچه‌وانه‌ى ده‌ستووره‌

هەواڵ / عێراق :: 24/06/2018‌ :: 397‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نه‌سر جه‌ختیكرده‌وه‌، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى له‌نێوان نه‌سر و سائیروندا راگه‌یاندراوه‌، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى هه‌وڵ و گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنه‌ قوڵه‌كان هات، خوازیاریشین ببێنه‌ بنه‌مایه‌ك بۆ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌ى په‌رله‌مان و ده‌شڵێت نه‌سر درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان به‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى ده‌زانێت.


حسین عادلى، وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نه‌سر له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ دواڕۆژى ناردووه‌ رایگه‌یاند، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ى له‌ نێوان نه‌سر و سائیروندا راگه‌یاندرا، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ى هه‌وڵ و گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنه‌ قوڵه‌كان هات، خوازیارین و كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ بنه‌ما و تۆوێك بۆ فراكسیۆنه‌ گه‌وره‌كه‌ى په‌رله‌مان.

ده‌شڵێت، هاوپه‌یمانى نێوان هه‌ردوولا وه‌ك په‌یكه‌رێكى سیاسى وایه‌، دواى ئه‌وه‌ى تێگه‌یشتن هه‌بوو له‌سه‌ر بنه‌ما و پره‌نسیپى قۆناغى ئاینده‌.

ئاماژه‌ى بۆئه‌وه‌شكرد، گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م قه‌واره‌كاندا به‌رده‌وامه‌، بۆ داڕشتنه‌وه‌ و گه‌ڵاڵه‌كردنى بنه‌ما و پره‌نسیپ و په‌یكه‌رى قۆناغه‌ سیاسییه‌كه‌، له‌ناویشیدا به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌ت و دۆسییه‌كانى.

عادلى روونیشیكردۆته‌وه‌، هه‌ڵوێستى نه‌سر له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مانى عێراقى، به‌ پێچه‌وانه‌ى ده‌ستوورى ده‌زانێت، پێشتریش ئه‌زمونى ساڵى 2010 مان هه‌یه‌، كه‌ ماوه‌ى په‌رله‌مان ته‌واو بوو، حكومه‌ت نۆ مانگ به‌بێ چه‌ترى په‌رله‌مان به‌رده‌وامبوو، ئه‌وكاته‌ هه‌مووان رێككه‌وتن له‌سه‌ر ناده‌ستوورى بوونى درێژكردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان.

وته‌بێژى هاوپه‌یمانى نه‌سر، جه‌ختش ده‌كاته‌وه‌، قسه‌ى دادگاى فیدرالى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌، له‌سه‌ر پرس و شه‌رعى بوونى درێژكردنه‌وه‌ و درێژنه‌كردنه‌وه‌ى ته‌مه‌نى په‌رله‌مان.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure