وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بڕیارێكى گومرگى هه‌رێم ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 24/06/2018‌ :: 532‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌پێى بڕیارێكى گومرگى هه‌رێم هه‌ر كۆمپانیایه‌كى هاورده‌كردنى ده‌رمان، ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تى ره‌سمى نه‌بێت رێگه‌ى پێنادرێت ده‌رمان هاورده‌ بكات، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى بازرگانیش ده‌ڵێت "وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى بڕیاره‌كه‌ى ره‌تكردۆته‌وه‌".


له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى و ته‌ندروستى و گومرگى هه‌رێم بڕیاردرا، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك كه‌ ده‌رمان هاورده‌ى هه‌رێم ده‌كات، پێویسته‌ له‌ماوه‌ى یه‌ك هه‌فته‌دا واته‌ تاكو 1ى ته‌مموزى 2018، مۆڵه‌تى ره‌سمى ده‌ربكات و ره‌سمى گومرگیشى له‌سه‌ر جێبه‌جێبكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رێگه‌یان پێنادرێت ده‌رمان هاورده‌ى هه‌رێم بكه‌ن.

نه‌وزاد ئه‌دهه‌م، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى بارزگانى و پیشه‌سازى هه‌رێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌رپرسانى كوالێتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌و بڕیاره‌ رازى نین و داوایانكردووه‌ رێگه‌ به‌ كۆمپانیاكان بدرێت ته‌نیا به‌ پشتگیرى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌رمان هاورده‌ بكه‌ن".

وتیشى "مۆڵه‌تى یه‌ك هه‌فته‌ به‌ كۆمپانیاكان دراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مۆڵه‌ت ده‌ربێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ و رێگه‌یان پێنادرێت ده‌رمان هاورده‌ بكه‌ن".

هاوكات گۆران رۆژبه‌یانى، به‌ڕێوه‌به‌رى كوالێتى كۆنتڕۆڵى ده‌رمان له‌ وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "وه‌زیرى ته‌ندروستى له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى دارایى و بازرگانى هه‌رێم گفتوگۆ ده‌كات".

له‌ هه‌رێمى كوردستان زیاتر له‌ 180 كۆمپانیا ده‌رمان هاورده‌ ده‌كه‌ن، كه‌ زۆربه‌یان مۆڵه‌تیان نییه‌ و ته‌نیا به‌ پشتگیرى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى ده‌رمان هاورده‌ ده‌كه‌ن.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure