دواڕۆژ زانیارى ورد له‌سه‌ر كڕین و فرۆشتنى چه‌ك له‌سلێمانى بڵاوده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 23/06/2018‌ :: 21860‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، سامان قوبادى
ئه‌گه‌ر له‌ چه‌ند ساڵى رابردوودا كڕین و فرۆشتنى چه‌ك به‌شێوه‌ى نایاسایى ئه‌نجامدرابێت، ئه‌وا له‌ئێستادا مۆڵه‌تى ره‌سمى پێده‌درێت و شوێنه‌كه‌یشى له‌ناو شاره‌كاندا دیاریكراوه‌، به‌ وته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كڕین و فرۆشتن به‌ چه‌كه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئاسایش هه‌رچی چه‌كی ئه‌ڵمانی هه‌یه‌ بردوویه‌تی و دوكانه‌كانیشی داخستووه‌.

بۆ ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌وه‌كانه‌وه‌ كێشه‌یان بۆ دروست نه‌بێت، دووكانداره‌كانى كڕین و فرۆشتنى چه‌ك له‌ سلێمانى، ناوى خۆیان بۆ دواڕۆژ ئاشكرا نه‌كرد و هه‌ندێكیان پێیانوایه‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر كاره‌كه‌یان دروست ده‌بێت.

شوێنى كڕین و فرۆشتنى چه‌ك له‌ سلێمانى
رۆژانه‌ هه‌ركه‌سێك بیه‌وێت چه‌ك بكڕێت یان بیفرۆشێت، رووده‌كاته‌ شه‌قامى خانه‌قا یان سابوونكه‌ران له‌ سلێمانى، چونكه‌ به‌ شوێنێكى سه‌ره‌كى داده‌نرێت بۆ مامه‌ڵه‌پێوه‌كردنى چه‌ك، یه‌كێك له‌ فرۆشیاره‌كانى چه‌ك له‌ شه‌قامى خانه‌قا بۆ دواڕۆژ ده‌ڵێت "مێژووى مامه‌ڵه‌پێوه‌كردنى چه‌ك له‌م بازاڕه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 1991، به‌ڵام ماوه‌ى حه‌وت ساڵه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ره‌سمى و مۆڵه‌تپێدرا و له‌م بازاڕه‌ كارى كڕین و فرۆشتن ده‌كرێت".

مێژووى دروستكردنى چه‌كه‌كان
به‌پێى وته‌ى ئه‌و چه‌كفرۆشه‌ زۆربه‌ى ئه‌و چه‌كانه‌ى له‌ ناو بازاڕه‌كه‌دا مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كرێت كاتى دروستكردنه‌كه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 40 ساڵ به‌ر له‌ئێستا و له‌سه‌رده‌مى رژێمى به‌عس-دا دراوه‌ به‌ خه‌ڵك، دواتریش له‌ راپه‌ڕیندا ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه‌، "نرخى گرانترین چه‌كیش دوو ده‌فته‌ر دۆلاره‌، له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كیشدا ره‌نگه‌ دوو یان سێ چه‌كى جۆراوجۆر بفرۆشین كه‌ بڕى قازانجه‌كه‌ى له‌ 50 دۆلاره‌وه‌ ده‌ست پێده‌كات بۆ 500 دۆلار". "له‌ هه‌موو ته‌مه‌نێكیش خه‌ڵك روومان تێده‌كات، به‌ڵام چه‌ك به‌ ته‌مه‌نى سه‌روو 20 ساڵ ده‌فرۆشین، هه‌ر كه‌سێكیش گومانمان لێى هه‌بێت كه‌ دۆخى ده‌روونى ته‌واو نییه‌ یان تۆمه‌تباره‌ و كه‌سێكى باش نییه‌، پێ نافرۆشین". ئه‌مانه‌ به‌شێك بوون له‌قسه‌ى ئه‌و چه‌كفرۆشه‌.

مه‌رجه‌كانى پێدانى مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى چه‌ك
له‌لایه‌ن پارێزگاى سلێمانى-یه‌وه‌ مۆڵه‌ت به‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ ده‌یانه‌وێت چه‌ك هه‌ڵبگرن. له‌وباره‌یه‌وه‌ هێمن كه‌مال نورى به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ناوخۆ له‌ پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "پێویسته‌ كه‌سه‌كه‌ دانیشتووى كوردستان بێت، تاوانبار نه‌كرابێت به‌ تاوانێك، له‌ رووى ته‌ندروستییه‌وه‌ راپۆرتێكى پزیشكى هه‌بێت كه‌ پشتڕاستكرابێته‌وه‌ تواناى به‌كارهێنانى چه‌كى هه‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ رووى ده‌روونى و جه‌سته‌ییه‌وه‌ كێشه‌ى نه‌بێت، ئه‌م مه‌رجانه‌ى تێدا بێت بۆ ماوه‌ى یه‌ك ساڵ مۆڵه‌تى پێده‌درێت و دواتر ده‌بێت مۆڵه‌ته‌كه‌ى نوێى بكاته‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى كاروبارى ناوخۆ له‌ پارێزگاى سلێمانى وتیشى "زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى داواى مۆڵه‌تى چه‌ك ده‌كه‌ن كاسبكارن، به‌ڵام مۆڵه‌تى چه‌ك بدرێت یان نا دیارده‌ى چه‌كداریى هه‌ر هه‌یه‌، بۆیه‌ مۆڵه‌تى چه‌ك نه‌بووه‌ته‌ هۆى دروستبوونى دیارده‌ى چه‌كداریى".

چه‌كى ئه‌ڵمانى
سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕى داعش و كاریگه‌ریى له‌سه‌ر زیادبوونى مامه‌ڵه‌كردن به‌ چه‌ك-ه‌وه‌، یه‌كێكى تر له‌و دوكاندارانه‌ى كه‌ نه‌یویست ناوى ئاشكرابكرێت ده‌ڵێت "تاراده‌یه‌ك كاریگه‌ریى هه‌بووه‌، ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا چه‌كى ئه‌ڵمانى هاتووه‌ته‌ ناو بازاڕه‌وه‌ و كڕین و فرۆشتنى پێوه‌كراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ئه‌ڵمانیا ئه‌و چه‌كانه‌ى به‌ دیاریى داوه‌ته‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ شه‌ڕى داعش، بۆیه‌ دواى ئه‌وه‌ى كه‌وته‌ بازاڕه‌وه‌و ئاسایش سه‌رجه‌م چه‌كه‌ ئه‌ڵمانییه‌كانى كۆكرده‌وه‌ و هه‌ندێك له‌ دووكانه‌كانیش داخران".

له‌ هه‌فته‌یه‌كدا چه‌ند چه‌ك ده‌فرۆشرێت؟
له‌باره‌ى نرخه‌كانیشه‌وه‌ ئه‌و چه‌كفرۆشه‌ وتى "به‌پێى تازه‌ و كۆنى و جۆره‌كه‌ى جیاوازه‌،  گرانترین چه‌ك نرخه‌كه‌ى ده‌گاته‌ 20 هه‌زار دۆلار، هه‌ر چه‌كێكیش 50 یان 100 دۆلار قازانجى تێدا ده‌كه‌ن، له‌ یه‌ك هه‌فته‌شدا ره‌نگه‌ دوو بۆ سێ چه‌ك بفرۆشرێت كه‌ زۆربه‌یان روسی و ئه‌مریكین، به‌ڵام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كڕین و فرۆشتنى چه‌كى بێده‌نگ قه‌ده‌غه‌یه‌، هه‌ر كه‌سێك مامه‌ڵه‌ى پێوه‌ بكات سزایه‌كى قورس ده‌درێت".

چه‌ك ته‌نها به‌ كه‌سى سه‌ربازیى ده‌فرۆشرێت
له‌ هه‌مان ئه‌و بازاڕه‌ى به‌دواداچوونه‌كه‌مان تێیدا كرد، خاوه‌نى دووكانێكى كڕین و فرۆشتنى چه‌ك باسى له‌وه‌كرد، ئه‌وان ته‌نیا چه‌ك به‌و كه‌سانه‌ ده‌فرۆشن كه‌ پێشمه‌رگه‌ن یان ئاسایش و پۆلیسن، یاخود كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تییان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك گومانى لێبكه‌ن پێى نافرۆشن. سه‌باره‌ت چۆنیه‌تى هێنانى فیشه‌ك بۆ ناو هه‌رێمى كوردستان-یش وتى"فیشه‌كى هه‌موو جۆره‌ چه‌كێك به‌ رێگه‌ى قاچاخ ده‌هێنرێته‌ هه‌رێمى كوردستان".

له‌كاتى گفتوگۆكردنمان له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ فرۆشیاره‌كانى چه‌ك، كارمه‌ندێكى ئاسایش كه‌ بۆ كڕینى كیفى چه‌كه‌كه‌ى هاتبووه‌ ئه‌و شوێنه‌، بۆ دواڕۆژ وتى "به‌هۆى ئه‌وه‌ى كارمه‌ندى ئاسایشم چه‌كم هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام ته‌نیا له‌كاتى راپه‌ڕاندنى ئه‌ركه‌كه‌مدا پێمده‌بێت، ئه‌گه‌رنا له‌ ماڵه‌وه‌ دایده‌نێم". ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، دیارده‌ى چه‌كدارى به‌شێكى په‌یوه‌ندیى به‌ شێوه‌ى بیركردنه‌وه‌ى خه‌ڵك و بوونى عه‌شیره‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ و "هه‌ڵگرتنى چه‌ك كارێكى ناشایسته‌یه‌ ئه‌گه‌ر پێویستت پێى نه‌بێت".

سزاى یاسایى
به‌پێی یاسای ژماره‌ 16ى ساڵى 1993 كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ چه‌ك و له‌ ماده‌ى 21یدا هاتووه‌ "ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ به‌ چه‌كى جه‌نگى یان به‌شه‌كانى یان عه‌تاده‌ییه‌وه‌ بكات یان ژێرده‌ستى خۆى بخات یان هه‌ڵى بگرێت یاخود بیگوازێته‌وه‌ و بازرگانى پێوه‌ بكات یان دروستى بكات یاخود چاكى بكات، زیندانى ده‌كرێت". له‌ بڕگه‌ى 3ى هه‌مان ماده‌دا باس له‌وه‌ كراوه‌، ئه‌وه‌ى بێ مۆڵه‌تى لایه‌نى ده‌سه‌ڵاتى مۆڵه‌تدانه‌وه‌ چه‌ك هه‌ڵبگرێت، به‌ند ده‌كرێت بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ یه‌ك ساڵ كه‌متر نه‌بێت، یان غرامه‌ ده‌كرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure