به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزار: هاتنى گه‌شتیار بۆ سلێمانى لە 40% زیادى كردووه‌

هەواڵ / کوردستان :: 23/06/2018‌ :: 606‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، زریان محەمەد
به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا نزیكه‌ى 140 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاكه‌یان كردووه‌، ده‌شڵێت "هاتنى گه‌شتیار بەڕێژەی لە 40% زیادى كردووه‌."


پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ى حوزه‌یران، عه‌لی ره‌ئوف غه‌فور، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی گه‌شتوگوزاری سلێمانی، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا، وتى "ئێمه‌ له‌ 12 بۆ 21ى حوزه‌یران، واته‌ له‌ سێ رۆژ پێش جه‌ژنه‌وه‌ ئامارى هاتنى گه‌شتیارانمان تۆماركردووه‌، له‌و ماوه‌یه‌شدا 139 هه‌زار و 721 گه‌شتیار روویان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى كردووه‌."

وتیشی "له‌ جه‌ژنى ره‌مه‌زانى ساڵى رابردوو 96 هه‌زار و 936 گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاى سلێمانى كردبوو، به‌مه‌ش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت بەرێژەی لە 40% هاتنى گه‌شتیار بۆ پارێزگاكه‌مان زیادیكردووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئارامى و ئاسایش و خۆشى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى شاره‌كه‌مانه‌وه‌یه‌."

عه‌لی ره‌ئوف، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا "ئێمه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌ین له‌ داهاتوودا هه‌وڵبدەین به‌هیمه‌تى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ژماره‌ى هاتنى گه‌شتیاران بۆ سنورى پارێزگاى سلێمانى زیاتر بکرێت."

باسى له‌وه‌شكرد "له‌م چه‌ند ساڵه‌ى رابردوو تا ئه‌مساڵ له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى مۆڵه‌تى گه‌شتیاریمان داوه‌ به‌ 961 شوێنى گه‌شتیارى، له‌وانه‌ش 222 شوێنیان هۆتێل و مۆتێل و گوندى گه‌شتیارین، هه‌روه‌ها 159 فاسفود و رێستۆرانت و شوێنى خواردن و خواردنه‌وه‌ هه‌یه‌، جگه‌له‌وه‌ش مۆڵه‌تى گه‌شتیارى دراوه‌ به‌ 222 كافتریاى گه‌شتیارى كه‌ ئه‌ستێره‌یان هه‌یه‌."

به‌ڕێوه‌به‌رى گه‌شتوگوزارى سلێمانى، هێماى بۆ ئه‌وه‌شكرد "له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى 155 نوسینگه‌ و كۆمپانیاى گه‌شتیارى هه‌ن، ئه‌مانه‌ گروپه‌ گه‌شتیارییه‌كان ده‌هێنن بۆ پارێزگاكه‌مان."

جه‌ختیشى كرده‌وه‌ "له‌ جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا هیچ رووداوێكى نه‌خوازراو كه‌ ببێته‌ هۆى گیانله‌ده‌ستدان یان خنكان له‌ روباره‌كان له‌ سنورى پارێزگاى سلێمانى نه‌بووه‌، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رۆڵ و گرنگى لیژنه‌ى ئه‌منى."

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure