هەولێر: ئەو پاڵاوگانەی داخرابوون بێ بوونى مه‌رج دووباره‌ كراونەتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 22/06/2018‌ :: 855‌ جار بینراوە
لەسەر رێگای هەولێر-كەركوك كراونەتەوە

دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
30 پاڵاوگەی نایاسایی كە سەرچاوەی بۆنێكی ناخۆش بوون بۆ هەولێر دوای داخستنیان دووباره‌ كراونەتەوە، بەرپرسێکیش لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی شاره‌كه‌ دەڵێت، بە هەمان كەلوپەلی پێشوو كراونەتەوە.


هاوینی ساڵی رابردوو 30 پاڵاوگەی نایاسایی لە رۆژئاوای هەولێر داخران بەهۆی ئەوەی مەرجی پێویستیان تێدانەبوو ئەمەش وایكردبوو بۆن غازێكی ناخۆش لە سەنتەری هەولێر بڵاوبێتەوە.

ئەنوەر محمد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و چاودێری لە بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی هەولێر ئەمڕۆ هەینی 22ی حوزەیرانی 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند، ئەو پاڵاوگانە لەئێستادا لەسەر رێگای هەولێر-كەركوك كراونەتەوە.

وتیشی، "پاڵاوگەكان بەهۆی نەبوونی مەرج و بڵاوكردنەوەی بۆن غازێكی ناخۆش داخران، بەڵام لەئێستادا بەهەمان كەلوپەل و نەبوونی مەرجی پێویست كراونەتەوە".

ئەنوەر محەمەد باسی لەوەشكرد، كردنەوەی پاڵاوگەكان لەسەر رێگای هەولێر_ كەركوك تارادەیەك لە سەنتەری شار دوورن، بەڵام كەلوپەل و مەرجی پێویستیان تێدانییە بۆیە ئەو بۆن غازەیان هەر بەردەوامە ئەگەرچی بۆنەكە ناكات بە سەنتەری هەولێر.

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure