گەلانی تورکیا لە نێوان مانەوە و گۆڕانکاریدا..کامیان هەڵدەبژێرن!؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 21/06/2018‌ :: 762‌ جار بینراوە

قه‌ندیل قادر خه‌بات

لە ۱٨ى نیسانی رابردوودا سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیاى بۆ۲٤ى حوزه‌یران راگەیاند. بێگومان دیاریکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەلایەن ئەردۆغان-ه‌وه‌ بێ هۆکار نەبووە بەڵکو لەوپەڕی ترسیەتی کە ماوەیەکە بەشێکی زۆری شەقامی تورکیا بە هەموو شێوەیەک لە کار و کردەوەکانی بێتاقەت و بێزارن. بە نموونە: کودەتا شکستخواردووەکەی سالی۲۰۱٦ی تورکیا بەهانەیەکی باش بوو بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی(پارتی داد و گەشەپێدان-ئاکەپە). ئەوەی مەبەستیان بوو کردیان بەرامبەر نەیارەکانیان هەر لە گرتن و دوورخستەنەوەی هەزاران مامۆستا و کارمەنده‌وه‌ تا سەرباز و ئەفسەر بەبیانووی ئەوەی دەستیان هەبووە لە کودەتاکەدا و چاودێریی هەزاران کارمەندی دەوڵەت کە بووه‌تە جێی نیگەرانی و بەچاوی خائین و نەیارانی دەوڵەت و تورکیا سەیردەکرێن.

لەلایەکی ترەوه‌ ئابوریی تورکیا روو لە شکستیەکی بەردەوامە بەوەی کە بەردەوام لیرەی تورکیی بەرامبەر بە دۆلار روو لە دابەزینە و قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی ئابوریی تورکیای زیاتر تووشی شکست کردوە و هەڵاتنی وەبەرهێنه‌رانی ناوخۆیی و دەرەکی بووه‌تە هۆی بێکاری و وەستانی وەبەرهێنان لە سەرتاسەری تورکیا و بە شێوەیەکی گشتی دابەزینی داهاتی تاک نیگەرانیی زۆری لێکەوتووه‌تەوە لە سایەی حکومەتەکەی ئاکەپەدا.

لە هەمووی گرنگتر رەفتارەکانی حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدان، هەموو گەلانی تورکیای تووشی دڵەڕاوکێ و بێزاری کردووە بەبیانوی مەترسی لەسەر دەوڵەت و بوونی پەیوەندیی دەرەکی کەوتووه‌تە سنووردارکردنی ئازادیی رادەربڕین و گرتنی رۆژنامەنووسان و داخستنی بنکە و بارەگاکانی پارتە نەیارەکانی و گرتنی پەرلەمانتاران و بەبیانووی تیرۆر زیاتر لە ۲ ساڵە دەستی کردووە بە درێژکردنەوەی ناوچەی نائارام لە باکوری کوردستان و گرتنی خەڵکی سڤیل و شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل بەبێ تاوان.

داگیرکردنی عەفرین بووه‌تە هۆی  ئه‌وه‌ى ئەردۆغان وەک پاڵەوان دەرکەوێت کە نەتەوەپەرستەکانی تورکیای بەلای خۆیدا راکێشا و بە سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەچوێنن و چاویان لە داگیرکردنی موسل و کەرکوک و شەنگال و قەندیل-یشە. بێگومان ئەردۆغان خۆی لەبیرکردووە کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا بەڵێنیدا کێشەی گەلی کورد بە ئاشتی چارەسەر ده‌کات.
بێگومان تورکیا  بە دۆخێکی ناسەقامگیر لە رووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و کۆمەلایەتی تێپەڕدەبێت لە سایەی حکومەتەکەی پارتی داد و گەشەپێدانی  ئەردۆغان-ه‌وه‌ کە گەلانی تورکیای تووڕەکردووە .هەڵبژاردنی۲٤ى حوزه‌یران پارتەکانی تورکیای دابەشی دوو بەرەی هاوپەیمانی کردووه‌ و بریتین له‌: یه‌كه‌م/هاوپەیمانی گەل کە پێکهاتووە لە پارتەکانی (داد و گەشەپێدان) و (بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى په‌ڕگیر) و (به‌به‌په‌)ى راستڕه‌و. ئه‌مانه‌ ڕەهەندی ناسیونالیزمی رادیکاڵی و ئیسلامیی سیاسیان هەیە. دووه‌م/ هاوپەیمانی نەتەوە کە پێکهاتوون لە(پارتى گه‌لى كۆمارى) میراتگرى ئه‌تاته‌ورك و (ئیى پارتى) و (پارتى سه‌عاده‌ت). 

جیا لەو لایەنانە، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)یش هه‌یه‌ کە پارتێکی کوردیە. لە تورکیا کورد 18%ى دەنگەکانی تورکیا پێکدەهێنێت و هەدەپە تاک لایەنە چووه‌تە ناو هەڵبژاردنەکانی پارلەمان و سەرۆکایەتی تورکیاوه‌ و كاندیى ئه‌م پارته‌ بۆ پۆستى سه‌ركۆمار (سەلاحدین دەمیرتاش)ی زیندانیکراوی زیندانەکانی ئاکەپەیە و میتینگی هەڵبژاردنی لێ قەدەغە کراوە.

 ئەوەی لێرەدا گرنکە ئەوەیە بپرسین كه‌ ئاخۆ گه‌لانی تورکیا بەو جۆرە حکومڕانییە رازیین یاخود ئامانجیان گۆڕینی دەسەڵاتە شکستخواردووەکەی ئاکەپە و ئەردۆغان-ە!؟








created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure