پارتی: پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵى دەکەین

هەواڵ / کوردستان :: 21/06/2018‌ :: 842‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارتی رایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی پێشوازی له‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی ده‌كات و به‌ بڕیارێكی دروستی ده‌زانێت.

خه‌سره‌و گۆران، به‌رپرسی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ باره‌ی بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی عێراق به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند، ئه‌وان وه‌كو پارتی پێشوازی له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی ده‌كه‌ن و به‌دروستی ده‌زانن به‌ تایبه‌ت ئه‌و بڕگه‌یه‌ی په‌یوه‌ست هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگدانی تایبه‌ت و ئاواره‌ و هاوڵاتیانی ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌نگانه‌ زوڵمێكی گه‌وره‌بوو په‌رله‌مانی عێراق له‌ گه‌لی كوردی كرد.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، پارتی لاری نییه‌ له‌سه‌ر هه‌ژماركردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق و پێشیوایه‌ ئه‌و بڕیارانه‌شی له‌ باره‌ی خودی كۆمسیۆن داویه‌تی بڕیاری دروستن، چونكه‌ ئه‌و كۆمسیۆنه‌ی ئێستا نه‌یتوانێ وه‌كو پێویست سه‌ربه‌خۆ و سه‌ركه‌وتووبێت.

وتیشی "دواتر پارتی له‌ رێگه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیه‌وه‌ هه‌ڵوێستی فه‌رمی خۆی ڕاده‌گه‌یه‌نێت".

دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 21 حوزه‌یران بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەی ئەو سكاڵایانە دا، كە لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمار و پارتی دیموكرات‌ و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان تۆماریانكردبوو.

دادگای فیدراڵی لەدانیشتنەكەدا بڕیاریدا، بەوەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەمواركراوە، بەیاسایی‌و دەستووری زانی‌و رایگەیاند، پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ده‌نگدان تایبه‌ت و ئاواره‌ و ده‌ره‌وه ناده‌ستووریه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure