حكومه‌تى هه‌رێم تێچووى ساڵانه‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌رانى هه‌رێم ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستانی :: 20/06/2018‌ :: 331‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاشكرایده‌كات، په‌نابه‌ر و ئاواره‌كانى هه‌رێم رێژه‌ى دانیشتوانیان به‌ رێژه‌ى 32% زیادكردووه‌ و تێچووى ساڵانه‌ى ئه‌و ئاواره‌ و په‌نابه‌رانه‌ش دوو ملیار دۆلاره‌.

 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومه‌تى هەرێمی کوردستان له‌ ڕاگه‌یاندراوێكیدا به‌بۆنه‌ى رۆژى جیهانى په‌نابه‌ران رایگه‌یاندوه‌ "ئاواره‌ و په‌نابه‌ره‌كان هه‌رێمى كوردستان ژمارەی دانیشتوان لە هەرێمی کوردستانیان بە رێژەی ٣٢% زیادكردووه‌، بەمەش حکومەتی هەرێم کەوتووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە".

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاشكراشیكرد، بڕی تێچووی خەملێنراو بۆ دابینكردنى پێداویستی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی، ئابووری و مرۆیی ئاوارەکان و پاراستنی سەرجەم مافەکانیان لە هەرێمی كوردستان بریتیە لە ملیارێك و 988 ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا. هەروەها تێچووی دابینکردنی پێداویستییە هەرە سەرەتاییەکانی ڕۆژانەی هەر ئاوارەیەك، وەکو شوێنی حەوانەوە، ئاسایش، ئاو و پاکوخاوێنی، کارەبا، تەندروستی، پەروەردە، بەڕێوەبردن و ئیدارەدانی کەمپەکان دەکاتە 5 ملیۆن و 550 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

ئه‌وه‌شیخستۆته‌ڕوو، لە ئێستادا ژمارەی کەمپەکان ٣٩ کەمپە کە ٩ کەمپیان تایبەتە بە پەنابەران و ٣٠ کەمپیش بۆ ئاوارەکان و هەر لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٨ دا 592 کەس ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوونە کە زۆرینەیان لە موسڵەوە هاتوون، هەروەها لە مانگی ١ی ٢٠١٨ تا ئەمڕۆ ئەو ژمارەیە گەشتووەتە 5981 کەس.

به‌ گوته‌ى دیندار زێبارى حكومه‌تى هه‌رێم هۆكارێك بووه‌  بۆ ڕەخساندنی دەرفەتى كارى ژمارەیەكى زۆرى ئاوارە و پەنابەر به‌پێى ئاماره‌كانیش  ٦٣،٥ ٪ى ئاوارەكان و ٨٧،٩ ٪ى پەنابەرانى سوریا  كار دەكەن و داهاتێك به‌ده‌ستده‌هێنن لە ناوەوه‌و دەرەوەى كەمپەكان ".

وتیشى" رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی یوئێن هاوکاربوونە بۆ باشترکردنی رەوشی مرۆیی ئاوارە و پەنابەران بەڵام کێشەکە لەوەدایە مانەوەی ئەم ژمارە زۆرە ئاوارەیە و زیادبوونی خێراى ژمارەی دانیشتوان بەهۆی هاتنی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارە و پەنابەران حکومەتی هەرێمی خستووەتە ژێر باری ئەرکێکی قورسەوە و ناتوانێت بە تەنها رووبەرووی ئەم رەوشە ببێتەوە بۆیە داوا دەکەین لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە هاوکارییەکانیان بۆ ئاوارەو پەنابەران زیاتر بکەن".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure