له‌كۆی 70 ملیۆن ئاوارەو پەنابەرى جیهان 900 هه‌زاریان له‌هه‌رێمى كوردستانن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/06/2018‌ :: 295‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانە و لە جیهاندا نزیکەی 70 ملیۆن کەس ئاوارە و پەنابەرن هه‌ن، به‌پێى ئاماره‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمیش زیاتر له‌ 900 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هه‌یه‌.


ڕۆژی 20ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك، ڕۆژی جیهانی پەنابەرانە، كە بە بڕیارێكی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2000 دا ئەم بەروارە وەك هاوسۆزییەك بۆ پرسی پەنابەران لە جیهاندا دیاریكرا.

له‌گه‌ڵ یادکردنه‌وه‌ى ئه‌م بۆنه‌یه‌دا له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا ئه‌م ڕۆژه‌ یادده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌ربڕینى پشتگیرى و هاوسۆزیه‌ بۆ سه‌رجه‌م په‌نابه‌رانى جیهان. کۆمسیۆنى باڵاى په‌نابه‌رانى سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان له‌ ڕاپۆرتێکدا ئامارى په‌نابه‌ران و ئاواره‌ ناوخۆیه‌کان له‌ جیهاندا بڵاوکرده‌وه‌.

بەگوێرەی دواین ئامارى نەتەوە یەكگرتووەكان، 68 ملیۆن و 500 هەزار كەس لە جیهاندا وەك پەنابەر و ئاوارە دیاریی كراون، لەو ژمارەیەش 25 ملیۆن و 400 هەزار كەسیان پەنابەر بوون، بە واتای ئەوەی سنووری وڵاتی خۆیان بڕیوە و بەدوای مافی پەنابەرێتیدا گەڕاون.

هه‌ر به‌ گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، نیشتەجێكردنی پەنابەران لەڕێگەی پرۆگرامەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە رێژه‌ى 40% كەمیكردووە لە ساڵی 2017 دا ،  بە نزیكەیی تەنها 100 هەزار پەنابەر لە سەرتاسەری جیهاندا نیشتەجێ كراون.  هۆكارەكەشی دەگێڕنەوە بۆ زیادبوونی هەستی ناسیۆنالیستی و خۆدابڕینی وڵاتانی پێشكەوتوو لە وڵاتانی جیهانى سێیه‌م.

سه‌باره‌ت به‌ شوناسى نه‌ته‌وه‌یى په‌نابه‌ران و ئاواره‌ ناوخۆیه‌کان له‌ جیهاندا، سوریا به‌ پله‌ى یه‌که‌م دێت بۆ هه‌بوونى زۆرترین په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى ناوخۆیى له‌ جیهاندا. له‌ پاش سوریاش وڵاتانى ترى وه‌ك ئه‌فغانستان و عێراق دێن، كه‌ به‌ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ نیوه‌ى په‌نابه‌ر و ئاواره‌ى جیهان پێكده‌هێنن.

به‌پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانانى حكومه‌تى هه‌رێم، له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 تاوه‌كو ناوه‌ڕاستى ساڵى 2016 ژماره‌ى ئاواره‌كانى هه‌رێم، ملێۆنێك و 500 هه‌زار كه‌س بووه‌ و له‌گه‌ڵ 200 هه‌زار په‌نابه‌ر، به‌ڵام له‌ ساڵى 2017 ئه‌و رێژه‌یه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ 900 هه‌زار ئاواره‌ و په‌نابه‌ر، له‌و رێژه‌یه‌ش  زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە و زیاتر لە 90 هەزار پەنابەر لە دهۆك نیشتەجێن.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سیروان محه‌مه‌د، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم بە دواڕۆژى راگه‌یاند "به‌هۆى نه‌بوونى ڕووپێویه‌ك، پشتیان به‌ داتاكانى رێكخراوى كۆچى نێوده‌وڵه‌تى به‌ستووه‌، كه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كه‌ن ژماره‌ى ئاواره‌ و په‌نابه‌ر بۆ 900 هه‌زار كه‌س كه‌مبۆته‌وه".

هه‌ر له‌ ڕۆژى جیهانى په‌نابه‌ران فیدراسیۆنی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان چەند داواکارییه‌كى ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان و حكومه‌ى هه‌رێم دەکات و سه‌رپه‌رشتیارى فیدراسیۆنه‌كه‌ش ده‌ڵێت "ده‌یانه‌وێت كاره‌ساته‌كانى تایبه‌ت به‌ كۆچ روونه‌دات".

ئاری جه‌لال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەران لەهەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتى "بۆ کۆتاییهێنان بەکێشەی کۆچ و نەهامەتییەکان و کارەساتە دڵتەزێنەکان کە تراژیدیای مرۆیی وەک خۆکوشتن و سوتان و خنکانی لێکەوتۆتەوە کە بە داتا و بەڵگە لامانە، سێ خاڵمان وەک داواکاری بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان خستەڕوو، تا بتوانن کاری لەسەربکەن و کارەسات روونەدات".

داواكارییه‌كه‌ى فیدراسیۆنى په‌نابه‌ران هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ رۆژى جیهانى په‌نابه‌ران. ئه‌و خاڵانه‌ى له‌لایه‌ن ئه‌م فریدراسیۆنه‌وه‌ خراونه‌ته‌ڕوو بریتین له‌:
• کاری جدی و بەپەلە بکرێت بۆ ڕاگرتنی دیپۆرتی پەنابەران، کە لە رابردوو و ئێستادا بەشێک لە وڵاتان دەستیان کردووە بە دیپۆرتکردنەوەی پەنابەران. ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی بارێکی دەرونی خراپ لای پەنابەران و زۆرجار دەرئەنجامی ئەم بارە دەرونییە تراژیدیای مرۆیی وەک خۆکوشتنی لێکەوتۆتەوە.

• کاری جدی بکرێت بۆ گەڕان و بەدواداچوون لەسەر چارەنوسی ئەو پەنابەرانەی تائێستا بێسەروشوێنن کە ژمارەیەکیان بە داتا لای ئێمە تۆمارکراون، بەڵام پێشبینی دەکەین کە ژمارەیان لەو داتایەش زیاتر بێت.

• کاری بکرێت بۆ باشترکردنی رەوشی ئاوارە و پەنابەر لە کەمپەکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا و هاوکاری و کۆمەکی پێویستیان بۆ دابینبکرێت لە بوارە جیاجیاکاندا.

به‌ پێى ئاماره‌كانى وه‌زاره‌تى كۆچ ‌و كۆچبه‌رانى عێراقیش، زیاتر له‌ 300 هه‌زار هاوڵاتیى ڕۆژئاوا كوردستان ڕوویان له‌ هه‌رێم كردووه‌، له‌ 12 كه‌مپدا له‌ هه‌رسێ پارێزگاكه‌ى هه‌رێمدا نیشته‌جێ كراون.

یه‌كێك له‌كێشه‌كانى ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراق و هه‌رێمى كوردستان هاتوون بۆ ماوه‌ى یه‌كى درێژ ماونه‌ته‌وه‌ پێنه‌دانى ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌یه‌ پێیان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سامى جه‌لال، به‌ڕێوبه‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم، بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو "دروستكردنى ناسنامه‌ و ڕه‌گه‌زنامه‌ بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانن و خه‌ڵكى ڕۆژئاواو ڕۆژهه‌ڵات و باكورن كارێكى نایاساییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌وان هاوڵاتیی عێراقى نین".

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure