ئەمریکا له‌ئه‌نجومه‌نى مافى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كشێته‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 20/06/2018‌ :: 234‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ڕۆژى سێشه‌ممه‌ 19ی حوزەیرانی 2018 باڵیۆزى ئەمریکا له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كشانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى له‌ ئه‌نجومه‌نى مافى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ڕاگه‌یاند.

نیكى هالى، نوێنه‌رى ئیداره‌ى تره‌مپ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرایكرد كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى مافى مرۆڤى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كشێته‌وه‌ و ده‌ڵێت "ئه‌و ڕێكخراوه‌ شایه‌نى ئه‌و ناوه‌ نه‌بووه‌ كه‌ پێى به‌خشراوه‌".

هالی ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ ئیداره‌ى تره‌مپ چه‌ندین هه‌لى به‌ ئه‌نجوومه‌نى مافى مرۆڤ به‌خشیوه‌ كه‌ گۆڕانكارى دروستبكه‌ن، به‌ڵام گۆڕانكارى ئه‌رێنییان درووست نه‌كردووه‌ و به‌شێك له‌ وڵاتانى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ پێشێلكارى مافه‌كانى مرۆڤن.

ئەو نوێنەرە ڕێكخراوه‌كه‌ به‌ ڕێكخراوێك ناوده‌بات كه‌ ته‌نها خزمه‌تى خۆى ده‌كات و پێى وایه‌ گاڵته‌جاڕى به‌رامبه‌ر مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كات.

مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئەمریکا ده‌ڵێت "گومان له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ ڕۆژێك له‌ ڕۆژان ڕێكخراوه‌كه‌ ئامانجى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا پێویسته‌ ڕاستگۆبین و ئه‌نجومه‌نى مافى مرۆڤ داكۆكیكارێكى لاوازى مافه‌كانى مرۆڤه‌".

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا بۆریس جۆنسن ده‌ڵێت "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌و بڕیاره‌ى په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure