"گۆڕان له‌گه‌ڵ دروستكردنیدا نیه‌"
بزوتنه‌وه‌: شه‌ش لایه‌نه‌كه‌ نه‌یانتوانى هاوپه‌یمانى پێكبهێنن

هەواڵ / کوردستانی :: 20/06/2018‌ :: 471‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى
ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى رایده‌گه‌یه‌نێت، شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ بەهۆی شپرزه‌ییەوە نه‌یانتوانیوە لیستێكى هاوپه‌یمانى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان پێكبهێنن، سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى هاوپه‌یمانیش ده‌ڵێت، گۆڕان له‌م قۆناغه‌دا له‌گه‌ڵ دروستكردنى هاوپه‌یمانیدا نییه‌.


عه‌بدوڵا وه‌رتى، ئه‌ندامى ده‌سته‌ى كارگێرى بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "له‌ دواى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق هه‌ر شه‌ش لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كه‌ هه‌وڵیاندا بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان لیستێكى هاوپه‌یمانى پێكبهێنن، به‌ڵام به‌هۆى شپرزه‌یى ئه‌و لایه‌نانه‌ نه‌تواندرا لیسته‌كه‌ دروستبكرێت".

وتیشى "لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانیش هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فه‌رمیان له‌باره‌ى پێكهێنانى لیستێكى هاوپه‌یمانى نه‌كردووه‌ و پێشم وانییه‌ تازه‌ بتواندرێ ئه‌و لیسته‌ دروستبكرێت".

هاوکات سه‌ركرده‌یه‌كى باڵاى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى، كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، بە دواڕۆژی وت "له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌وڵى جدیمانداوه‌ لیستێكى هاوپه‌یمانى بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ به‌شدارى كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو دروست بكه‌ین، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ره‌تیانكردەوە بێنه‌ ناو ئه‌و لیسته‌وه‌".

وتیشی "گۆڕان پێیان وتین له‌م قۆناغه‌ پێیان باش نییه‌ له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێك لیست پێكبهێنن".

كۆمسیۆنى هه‌ڵبژاردنه‌كانى هه‌رێم رۆژى 18 تا 20ى حوزه‌یرانى2018ى بۆ تۆماركردنى هاوپه‌یمانێتى نێوان لایه‌نه‌كان دیاریكرد، به‌ڵام تائێستا جگه‌ له‌ یەكێتی نەتەوەی كوردستان، پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان و حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان هیچ لایه‌نێكى تر هاوپه‌یمانیان پێكنه‌هێناوه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure