لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر رووداوەکەی بەردەم بارەگای دژەتیرۆر رەوانەی کەرکوک کرا

هەواڵ / کوردستان :: 20/06/2018‌ :: 438‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
دوای حەوت رۆژ لەروداوی تەقەکردنەکەی بەردەم بارەگای دژەتیرۆری عێراق لەکەرکوک کە گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەک و برینداربونی سێ هاوڵاتی دیکەی لێکەوتەوە، بەغدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی رەوانەی کەرکوک کرد.


رێبوار تەها ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەدواڕۆژی وت "لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە لەشاری بەغداوە گەیشتووەتە کەرکوک و کاتژمێر ۱۱ی شەو وتەی یەکێک لە بریندارەکان بەناوی (مەریوان عەلی ئەفەندی) وەرگیراوە".

وتیشی "رەوانەکردنی ئەو لیژنەیە پاش ئەوەدێت کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا داوامان لەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەیی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی کوشتنی هاووڵاتییەکی کورد و بریندارکردنی سیانی دیکە بەگولـلەی هێزێکی سەر بە دژەتیرۆری عێراق لە کەرکوک لیژنەیەکی رەوانەی شارەکە بکەن".

کاتژمێر 11:45 خولەکی شەوی 13ی حوزەیران بەهۆی تەقەی پاسەوانانی بەردەم بارەگای دژەتیرۆری عێراق لەکەرکوک، ژنێکی کورد بەناوی (لەیلا عەلی) تەمەن 65 ساڵ کوژراو کەسێکی دیکەی هەمان خێزان برینداربوون.

دوای رووداوەکەیش رێبوار تەها پەرلەمانتاری یەکێتی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کارمەندانی دژەتیرۆری عێراقی بەتەقەکردنی هەڕەمەکی تۆمەتبارکردو وتی " دووەم جارە بەهۆی تەقەی ئەو هیزەوە هاوڵاتی کوردی بێ تاوان شەهیددەکرێن".

دوای چەند رۆژێکیش لەرووداوەکە فەرماندەی هیزەکەی دژەتیرۆر لەکەرکوک رەتیکردەوە ئەو هاوڵاتیانە بەگولەی هیزەکانیان بوبێتنە قوربانی و ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بەهۆی پەلاماردانی بارەگاکەیان لەلایەن ژمارەیەک تیرۆریستەوە ئۆتۆمبێڵی ئەو خێزانە بەرکەوتوون.

بارەگای دژەتیرۆری عێراق لەکەرکوک کەوتوەتە گەڕەکی شۆراو، پێشتر بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بو.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure