"به‌راورد به‌ ساڵانى ڕابردوو كه‌مترین جوتیار گه‌نمه‌كانیان ده‌به‌ن بۆ سایلۆ"

هەواڵ / ئابوری :: 19/06/2018‌ :: 599‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
به‌ڕێوه‌به‌رى سایلۆى سه‌یدسادق  ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ له‌ سایلۆى سه‌یدسادق له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقییه‌وه‌ ده‌ستكرا به‌ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم و به‌ به‌راورد به‌ ساڵانى ڕابردووش كه‌مترین جوتیار گه‌نمه‌كانیان ده‌هێنن بۆ سایلۆ.


به‌ختیار عیزه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رى سایلۆى سه‌یدسادق بۆ دواڕۆژى ووتی "له‌ ئه‌مڕۆوه‌ له‌ سایلۆى سه‌یدسادق ده‌ستمانكردووه‌ به‌ وه‌رگرتنى گه‌نمى جوتیاران، ئه‌وه‌ش دواى ئه‌وه‌ى وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقی ئاگاداریكردین، كه‌ به‌ گوێره‌ى چه‌ند ڕێنماییه‌ك ده‌ستبكه‌ین به‌ وه‌رگرت گه‌نم، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بۆ ئه‌مساڵ بۆ وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ جوتیاران له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى بازرگانییه‌وه‌ سێ جۆر نرخ دیاریكراوه‌".

رونیشیكرده‌وه‌، گه‌نمى پله‌ یه‌ك كیلۆى به‌ 560 دینار و گه‌نمى پله‌ دوو به‌ 480 دینارو  پله‌ سێش به‌ 420 دینار وه‌رده‌گیرێت، هاوكات بۆ ئه‌مساڵ حكومه‌تى عێراقى بڕیاریداوه‌ بڕى 323 هه‌زار تۆن گه‌نم له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ربگرێت، له‌و ژماره‌یه‌ش بڕى 80 هه‌زار ته‌نى بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ سایلۆكانى پیره‌مه‌گرون و ڕانییه‌ و سه‌یدسادق دیاریكراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كى زۆر كه‌مه‌ و ته‌نها سایلۆى سه‌یدسادق تواناى وه‌رگرتنى 40 هه‌زار ته‌ن گه‌نمى هه‌یه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى سایلۆى سه‌یدسادق ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، له‌ساڵى ڕابردوودا چوار هه‌زار و 189 تۆن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رگیرا، ئه‌مساڵیش به‌هۆى ئه‌وه‌ى دره‌نگتر ده‌ستكراوه‌ به‌ وه‌رگرتنى گه‌نم و هه‌روه‌ها به‌شێكى زۆرى جوتیاران گه‌نمه‌كانیان به‌ نرخێكى هه‌رزانتر فرۆشتووه‌ به‌ بازرگانه‌كان پێناچێت وه‌ك ساڵانى ڕابردوو سایلۆكه‌ زۆر قه‌ره‌باڵغى پێوه‌ دیار بێت.

مه‌حمود حه‌مه‌كه‌ریم، یه‌كێك له‌ جوتیارانى ده‌شتى شاره‌زوور به‌ دواڕۆژى وت: به‌هۆى ئه‌وه‌ى متمانه‌ نه‌ماوه‌ له‌ نێوان جوتیاران و حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى عێراقى بۆ پێدانى پاره‌ى گه‌نمه‌كانمان، ئه‌مساڵ كه‌مترین جوتیار گه‌نم ڕاده‌ستى سایلۆ ده‌كه‌ن، چونكه‌ جیاوازییه‌كى زۆر ده‌كرێت له‌ نێوان جوتیارانى هه‌رێم و جوتیارانى پارێزگاكانى دیكه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ جوتیاران به‌ نرخێكى هه‌رزانتر گه‌نمه‌كانیان بده‌نه‌ بازرگانه‌كان و چاوه‌ڕێى حكومه‌ت نه‌كه‌ن لێیان بكرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، من و سه‌دان جوتیارى دیكه‌ى سنوره‌كه‌ تا ئێستاش پاره‌ى گه‌نمى ساڵى 2014 مان وه‌رنه‌گرتووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش دواجار هه‌ر به‌ زیانى جوتیاران ده‌شكێته‌وه‌، هاوكات تا ئێستا بڕى 31 ملیار دینار پاره‌ى گه‌نمى ساڵانى 2014 و 2015 و 2016 ى جوتیارانى سنورى ده‌شتى شاره‌زوور لاى حكومه‌تى عێراقى ماوه‌ و هێشتا خه‌رج نه‌كراوه‌.

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure