دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
سەرەڕای فشاری ئه‌ندام و لایه‌نگرانیان، به‌ڵام هێزه ئیسلامییه‌كان و لایه‌نه ناڕازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان تائێستا هیچ جۆره هاوپەیمانێتییەكیان بۆ هەڵبژاردنەكانی هەرێم دروستنەكردووەو گفتوگۆی جدیشیان لەو بارەیه‌وه نەكردووە.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ڕاپرسی هه‌رێم ناوی 38 قه‌واره‌ی سیاسی بۆ هه‌ڵبژاردنی 30ی ئه‌یلولی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریكرد، به‌پێی په‌یڕه‌وی كۆمسیۆن ڕۆژانی (18 بۆ20)ی حوزه‌یران دیاریكرا به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی هاوپه‌یمانی نێوان قه‌واره سیاسییه‌كان.
تائێستا جگه له‌هاوپه‌یمانی چه‌ند لایه‌نێكی توركمانی، هیچ هاوپهمانێتییهك له كۆمسیۆن تۆمارنه‌كراوه، هه‌ر سێ حزبە ئیسلامییەكەی كوردستانیش بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌جیا به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ی بڕیاربوو له‌نێوان گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و یه‌كگرتوو و بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی پێكبهێنرێت، شكستی هێنا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار له سه‌ركرده‌ی یه‌كێك له‌و حزبانه دراوە به دواڕۆژ، لەناوخۆ و رێكخستنەكانی حزبەكان و ده‌ره‌وه‌ی حزبهكانەوە داوای دروستكردنی هاوپەیمانی كراوە، بۆ ئەوەش جۆرێك لەفشاریان لەسەر سەركردایەتی حزبەكانیان دروستكردووە، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه شكشتیان هێناوه‌و نه ئیسلامییه‌كان به‌یه‌كه‌وه لیستی هاوبه‌شیان ده‌بێت، نه لایه‌نه ناڕازییه‌كان.
دواڕۆژ له‌و سه‌رچاوه‌یه زانیویه‌تی، ئیسلامییه‌كان و لایەنە ناڕازییەكانیش هیچ بەرنامەیەكیان نییە لەماوەی ئه‌و چه‌ند كاتژمێره‌ی لەبەردەمیاندا ماوە هاوپەیمانی دروستبكەن.
لای خۆیه‌وه سه‌لیم كۆیی، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی بۆ دواڕۆژ ئاشكرایكرد، هیچ هاوپهمانێتییهك نه له‌نێوان لایه‌نه ئیسلامییه‌كان، نه له‌نێوان لایه‌نه ناره‌زاییه‌كان له ئارادا نییه‌و له‌وباره‌شه‌وه گفتووگۆی كۆتایی نه‌كراوه.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانێتی دروستبكرایه، ده‌بوایه لانیكه‌م چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر گفتووگۆ بكرایه و ئێستا بڕیار بدرایه، بۆیه هیچ ئومێدێك نییه له‌م چه‌ند كاتژمێره‌ی ماوه هاوپه‌یمانی ڕابگه‌یه‌نرێ.
وتیشی "پێشتر خۆم یه‌كێك بووم له ئه‌ندامانی گفتووگۆی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ دروستكردنی هاوپه‌یمانی و چه‌ند هەنگاوێكمان نا، تاوه‌كو به‌ره‌ی ئیسلامی و ناڕازییه‌كان دروستبكرێت، به‌ڵام كه‌س خۆی نه‌كرده خاوه‌نی ئه‌و پرسە".
ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه هه‌ریه‌ك له بزوتنەوەی گۆڕان و هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شیان پێكهێناوه به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی یه‌ك لیستی هاوبه‌ش بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌یان له‌وباره‌یه‌وه ئه‌نجامدا، به‌ڵام به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، دروستكردنی ئەو هاوپهیمانییە شكستی هێناوه، چونكه به‌شێك له‌و هێزانه له نێو حزبه‌كانیان بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه.
دواڕۆژ، زانیویه‌تی جڤاتی نیشتمانی و خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌و حزبه له‌باره‌ی دروستكردنی ئه‌و به‌ره سیاسییه ناكۆكن، سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵی ئیسلامیش بوونه‌ته دوو به‌ره، هه‌رچی هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح-یشە، به‌بێ هیچ مه‌رجێك ئامادە بوون بێنه ئه‌و هاوپه‌یمانییه، به‌ڵام یه‌كگرتووی ئیسلامی زۆرینه له‌گه‌ڵ یه‌ك لیستیدا نییە و بزوتنه‌وه‌ش زۆرینه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی ڕه‌تیانكردۆته‌وه بێنه ناو هاوپه‌یمانێتییه‌كه.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌وباره‌یه‌وه به دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12ی ئایار ئه‌و هێزانه جۆرێك له نزیكییان پێوه دیار بوو له كۆبوونه‌وه‌كانیان وا قسه‌یان ده‌كرد ئاماده‌ن ئه‌و به‌ره‌یه دروستبكه‌ن، به‌ڵام له‌ئێستادا په‌شیمان بوونەته‌وه، بۆیه دروستكردنی هاوپه‌یمانی لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی لاوازه.
به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌وباره‌یه‌وه به دواڕۆژی ڕاگه‌یاند، رێككه‌وتنێكی مه‌بده‌ئی كرابوو، به‌ڵام كات و شوێن و به ڕه‌سمی ڕاگه‌یاندنی ئه‌و به‌ره‌یه مابوو، كاتی ڕاگه‌یاندنه‌كه‌ی كه‌وته دوای هه‌ڵبژاردن به‌هۆی كۆمه‌ڵێك بارودۆخ، به‌ڵام ئێستا جۆرێك له ساردبوونه‌وه‌و پاشگه‌زبوونه‌وه هه‌یه‌و ڕه‌نگه یه‌ك لیستی قورس بێت و هیوایه‌كی كه‌م مابێت.
لای خۆیه‌وه مسته‌فا عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان، پێیوایه، یه‌كگرتوو قه‌واره‌ی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كوردستان تۆماركردووه، به‌ته‌واوی پشتگیری پێكهێنانی لیستی هاوپه‌یمانێتی نێوان لایه‌نه ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕیارێكیان بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی دیاریكراو نه‌داوه و هیچیش نه‌كراوه.
د. ڕێبوار كه‌ریم، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادهپهروهریش، ئاماژه به‌وه ده‌كات، مه‌سه‌له‌ی یه‌ك لیستیی قسه‌ی له‌سه‌ركراوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و هه‌نگاوه تاوه‌كو ئێستا نه‌بۆته كردار.