تەندروستی هەولێر ئاماری رۆژانی جەژنی بڵاوكردەوە

هەواڵ / کوردستان :: 19/06/2018‌ :: 611‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچەر عەلی 
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژن زیاتر لە 13 هەزار كەس سەردانی نەخۆشخانە گشتییەكانیان كردووەو ئاماژەش بەوەدەكات, بەبەراورد بە جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردوو رووداوەكان و سەردانی نەخۆش كەمتر بووە. 

ئەمڕۆ سێشەممە 19ی حوزەیرانی2018, فاخیر كرمانجی, بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی هەولێر لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری رووداوەكانی رۆژانی جەژنی خستەڕوو و رایگەیاند "لە هەر سێ‌ رۆژی جەژنی رەمەزاندا 13 هەزارو 487 كەس سەردانی نەخۆشخانە گشتییەكانیان كردووە".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی هەولێر وتیشی "بەهۆی رووداوەكانی هاتووچۆ 84 هاوڵاتی بریندار بوون و لە نەخۆشخانەكان چارەسەریان بۆ كراوەو بریندار بوونیش بەئامێری سارد 30 حاڵەت هەبووە".

فاخیر كرمانجی ئاماژەی بەوەشكرد, لە هەر سێ‌ رۆژی جەژن 126 حاڵەتی لە دایكبوون تۆمار كراوە لەوانە 81 یان كچ بوون و 45 یشیان كوڕ بوون و پێنج منداڵیش كە بە نائاسایی لەدایكبوون، گیانیان لە دەستداوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە رۆژانی جەژندا هیچ حاڵەتێكی سوتانی گەورە نەبووە تەنها سێ‌ حاڵەتی سوتانی بچوك هەبووە ئەویش چارەسەر كراوەو هیچ رووداوێكی گەورەش تۆمار نەكراوە.

روونیشیكردەوە, 2 هەزارو 500 كەس سەردانی نۆرینگە دەرەكییەكانیان كردووە لە هیچ نەخۆشخانیەكیش گیان لە دەستدانی نائاسایی نەبووە. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە