دادگای فیدراڵی له‌باره‌ى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ بڕیارده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 19/06/2018‌ :: 859‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
وته‌بێژی دادگای فیدراڵی عێراق، ئاشكرایده‌كات "كۆبوونه‌وه‌ى  ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ى دادگاى ناوبراو له‌باره‌ی (ناده‌ستووری) هه‌موای یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراقه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

 
ئیاس ساموك، وته‌بێژی دادگای فیدراڵی عێراق له‌ ڕاگه‌یەنراوێكیدا كه‌ ئه‌مڕۆ 19ی حوزه‌یران بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ئاماژه‌به‌وه‌ده‌كات، ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ 21ی حوزه‌یران دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر سكاڵای سه‌ركۆماری عێراق و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ باره‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراقی كۆده‌بێته‌وه‌.

 

له‌وباره‌یه‌وه‌ زانا روستایی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مانى عێراق، به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند "رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو، دادگای فیدراڵی له‌و سكاڵایه‌ ده‌كۆڵێته‌وه‌ كه‌ سه‌ركۆمار و كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پارتی، له‌سه‌ر ناده‌ستووریبوونی هه‌مواری سێیه‌می یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌شیان كردووه‌".

ئاماژه‌شی به‌وه‌كرد، دادگای فیدراڵی یان بڕیار ده‌دات ئه‌نجامی هه‌ڵبژارنه‌كان وه‌ك خۆی په‌سه‌ند بكات، یاخود بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌مواری یاساكه‌ ده‌رده‌كات.

به‌ وته‌ی ناوبراو، له‌حاڵه‌تی په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك خۆی له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵییه‌وه‌، لایه‌نه‌ ناڕازییه‌كان هیچ ده‌سه‌ڵاتێكیان نابێت به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی دادگا بوه‌ستنه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure