"ئاماری هاتنی گەشتیارانی سنووری پێنجوێن نازانرێت"

هەواڵ / ئابوری :: 18/06/2018‌ :: 1540‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن
بەهۆی نەبوونی لقێك یان فه‌رمانگه‌یه‌كى گەشتوگوزار نازانرێت ئاماری هاتنی گەشتیارانی ناوخۆیی و ئێرانی بۆ سنووری قەزای پێنجوێن لەماوەی رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ چەندە، لەكاتێكدا پێنجوێن بەیەكێك لەناوچە گەشتیارییە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت.


زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن، بەدواڕۆژی راگەیاند ئەگەرچی پێنجوێن، وەك یەكێك لەناوچە گەشتیاری و سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، بەهۆی هەڵكەوتەی شوێن و كەشوهەواكەی، خاوەنی ژمارەیەك سەیرانگایە و لەبۆنە و جەژنەكاندا، ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیان و گەشتیاران رووی تێدەكەن.

وتیشی "بەڵام یەكێك لەگرفتەكانمان ئەوەیە، تا ئێستا سەرباری داواكاریمان لەسەرووی خۆمان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت، هێشتا لقێك یان بەڕێوەبەرایەتیەكی گەشتوگوزار لەناوچەكەماندا بوونی نییە و ئەوەش گرفتی بۆ دروستكردووین و ناتوانین ئاماری هاتنی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی بۆ پێنجوێن لەماوەی رۆژانی پشووی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بزانین".

روونیشیكردەوە،"هەتا دەزگایەكی تایبەتمەندی وەك گەشتوگوزار كە تایبەتە بەكاروباری گەشتیاران نەبێت هاوشێوەی زۆری ناوچە و شارەكانی دیكەی هەرێم، نازانین ئامارەكانی گەشتیاران چەندە، بۆیە لەپێنجوێنیش گەشتوگوزار نییە و ئاماریشمان نییە".

قائیمقامی پێنجوێن، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، بەهۆی بڕیارێكی حكومەتی ئێران و بەپێی زانیارییەكان، هاتنی گەشتیارانی ئێرانی لەباشماخەوە بۆ هەرێم كەمیكردووە، چونكە باجی زۆر لەهەر گەشتیارێكی ئێرانی وەردەگیرێت كە بیەوێ لەخاڵە سنوورییەكانەوە بێتە هەرێم.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە