شاندێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/06/2018‌ :: 1343‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
یه‌كێتی و پارتی بڕیاریاندا پێكه‌وه‌ شاندێك بنێرنه‌ به‌غدا و ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیش ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، كورد به‌ مه‌رج به‌شداری حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كات.

رزگار عه‌لی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی حوزه‌یرانی 2018، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "شاندێكی باڵای پارتی و یه‌كێتی به‌ هاوبه‌شی سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ن و تاوتوێی چۆنیه‌تی به‌شداری له‌ حكومه‌تی داهاتووی عێراق ده‌كه‌ن". 

ئه‌ندامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتیشی "نه‌ پارتی و نه‌ یه‌كێتی به‌ ته‌نها ناچنه‌ به‌غدا چونكه‌ به‌ر له‌ جه‌ژن بڕیاردراوه‌ كه‌ به‌ هاوبه‌شی سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ براوه‌كانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان كۆببنه‌وه‌، هاوكات پڕۆژه‌یه‌كیش ئاڕاسته‌ی لایه‌نه‌كان ده‌كه‌ن". 

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكی پڕۆژه‌كه‌ رزگار عه‌لی ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی پڕۆژه‌كه‌ بۆ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كورد به‌ مه‌رجی جێبه‌جێكردنی پشكی له‌ 17% به‌شداری كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراقی ده‌كات. 

سه‌باره‌ت به‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌ش نابراو ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، دوای یه‌كلابوونه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق شانده‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌غدا، چونكه‌ له‌ ئێستادا لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان سه‌رقاڵی یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنن. 

له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ له‌ 12ی ئایاری ئه‌مساڵ ئه‌نجامدرا، ژماره‌یه‌ك لایه‌نی عێراقی و شه‌ش لایه‌نی كوردی تانه‌یان له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی دا و داوایانكرد سه‌رجه‌م سندوقه‌كانی ده‌نگدان به‌ ده‌ست هه‌ژمار بكرێنه‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure