سه‌نته‌رێكى راهێنان ده‌كرێت به‌ناوى رزگاركه‌رى گه‌شتیارێكه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 18/06/2018‌ :: 1739‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لى 
ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزارى هه‌رێم سه‌نته‌رێكی راهێنانى گەشتیاری لە شاری هەولێر به‌ناوى ئه‌و گه‌نجه‌ ده‌كاتەوە كه‌ له‌ سێیه‌م رۆژى جه‌ژندا هه‌وڵى رزگاركردنى ژنه‌ گه‌شتیارێكى عه‌ره‌بی دا، به‌ڵام خۆى و ژنه‌كه‌ له‌ئاودا خنكان.

رۆژى 17ى حوزه‌یرانی 2018، له‌ سێیه‌م رۆژى جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا لە ڕوباری بەرسیرین لە سنوری رواندز ژنێكى گه‌شتیارى عه‌ره‌ب كه‌وته‌ نێوئاو و له‌وكاته‌دا گه‌نجێكى كورد به‌ناوى جه‌بار عوسمان، هه‌وڵیدا ژنه‌ عه‌ره‌به‌كه‌  له‌ خنكان رزگار بكات، به‌ڵام دواتر هه‌ردووكیان له‌ ناو ئاوەكه‌دا خنكان. 
  
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 18ی حوزه‌یرانی 2018، ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم وەك ریزگرتنێك بۆ قوربانیدانی ئه‌م گه‌نجه‌ كورده راگه‌یەنراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌، لە كاتێكدا هەواڵی گیانلەدەستدانی گەشتیارێك و هاووڵاتی (جەبار عوسمان) لە ناوچەی باڵەكایەتی لە رووباری چۆمان لە نزیك گوندی بەرسیرین بڵاوبووەوە، ئەم هەواڵە بووە مایەی نیگەرانی و هاوخەمییه‌ بۆ ئێمه‌ و بۆ بنەماڵەی هەردوو قوربانیه‌كه‌.

ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم جەخت لەوە دەكاته‌وه‌ كە گەشتیاران پێویستە پابەندی رینماییەكانی بەرگری شارستانی و شوێنەكانی گەشتیاری بن و روو لەو شوێنانە نەكەن كە مەترسیدارن و ژیانی مرۆڤ دەخەنە مەترسییەوە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌، رووداوی خنكانی هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان لە پێناو رزگاركردنی گیانی گەشتیارێكی میوان، رووداوێكی كەم وێنەیە و پڕاوپڕە لە هەستی مرۆڤایەتی و رێزگرتن لە میوان، چونكە لە كاتی خنكانی ئافرەتە گەشتیارەكەدا كوڕەكانی خۆی لەوێ ئامادەبوون، بەڵام جەباری تەمەن 19 ساڵ و جوانەمەرگ خۆی كردۆتە قوربانی، ئەمە ئەو راستیەیە كە خزمەتكردنی میوان و پاراستنی گیانی میوان لە هەڕەشە و مەترسی لە كۆنەوە تایبەتمەندییەكی كۆمەڵگەی كوردەواری بووە و لە كەلتوری كوردی رەنگیداوەتەوە. 

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە كاتێكدا پرسەنامە ئاڕاستەی هەردوو بنەماڵە دەكات، لە هەمان كات هاووڵاتی جەبار عوسمان ئەحمەد وەك سیمبولی قوربانی بەرزی میواندۆستی و رێزگرتن لە گەشتیار سەیر دەكات، به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ بڕیاریدا سەنتەرێكی راهینانی گەشتیاری لە شاری هەولێر وەك رێزگرتن بەناوی جەبار عوسمان بكاته‌وه‌ و بیكاتە سیمبولی قوربانی میوانداری.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە