"پێشبینى ده‌كرێت 300 هه‌زار گه‌شتیار هاتبێته‌ هه‌رێمى كوردستان"

هەواڵ / ئابوری :: 17/06/2018‌ :: 806‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شت و گوزارى هه‌رێمى كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێى پێشبینى و لێكدانه‌وه‌ى خۆیان و به‌به‌راورد به‌ ساڵى ڕابردوو، ڕێژه‌ى هاتنى گه‌شتیار بۆ هه‌رێمى كوردستان بۆ زیاتر له‌ 300 هه‌زار زیادیكردووه‌.


مه‌وله‌وى جه‌بار، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزارى هه‌رێمى كوردستان، به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "بەپێی ئامارو پێشبینییه‌كان له‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژى به‌ر له‌جه‌ژن و لە رۆژەكانی پشووی جەژنی ره‌مه‌زاندا زیاتر له‌ 300 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ هه‌رچوار پارێزگاكه‌ى هه‌رێمى كوردستان كردبێت، له‌ به‌رامبه‌ردا پارساڵ 243 هه‌زار گه‌شتیار بووه‌".

ناوبراو، ئه‌وه‌شى خسته‌روو، زۆرترین ئه‌و گه‌شتیاریانه‌ى له‌ پشووه‌كانى جه‌ژنى قوربان روویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردوه‌، له‌ خواروو و ناوه‌ڕست عێراق به‌ پله‌ى یه‌كه‌م و ئێران و توركیا به‌ پله‌ى دووه‌م بێت.

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى گه‌شت و گوزار، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد، سه‌رجه‌م ئاماده‌كارییه‌كان له‌ لایه‌ن ده‌سته‌ى گه‌شت و گوزار و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارو یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان كراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش  هۆتێل و رێستۆرانت و خزمەتگوزاری شوێنە گەشتیاری و گشتییەكان لەجەژنی ره‌مه‌زاندا ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ به‌وه‌ى ده‌رگاكانیان به‌ڕووى گه‌شتیاران بكه‌نه‌وه‌.

وتیشى "پێشبینییه‌كانى دەستەی گەشت و گوزاری هەرێمی كوردستان، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌، كە ئاسایش بەشێوەیەكی گشتی بۆ ناوچەكە گەڕاوەتەوە".

روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌مساڵ ئاسانكاریى له‌ بازگه‌كان و سه‌قامگیرى هه‌رێم وایكرد كه‌ ڕێژه‌ى گه‌شتیارى له‌ پارساڵ زیاتربێت بۆ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ش بوونى ژماره‌یه‌ك كۆمپانیاو گروپى گه‌شتیاریی، كارده‌كه‌ن بۆ هێنانى گه‌شتیار له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.

به‌ وته‌ى ناوبراو، دواى ته‌واوبوونى جه‌ژنى ڕه‌مه‌زان ئامارى هاتنى گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ هه‌یه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆ ده‌یان هه‌زار گه‌شتیار له‌ وڵاتى ئێران و ناوچه‌كانى خواروو و ناوه‌ڕاستى عێراقەوە هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

وتیشى "بۆ رۆژانی جه‌ژن زیاتر له‌ 100 كۆمپانیای ده‌ره‌كی گه‌شتیاری بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان هێناوه‌".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە